رووداو دیجیتاڵ
دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق و دەستەى دەستپاکی تۆمەتبارانى باندێکى ساختەکردنیان دەستگیرکرد. باندەکە مامەڵەى خانەشینى قوربانیانى تیرۆریان ساختە کردبوو.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق دەڵێت، "دەستگیرکردنى گەورەترین و مەترسیدارترین تۆڕى گەندەڵکار رادەگەیێننین، کە لە ساختەکردنى مامەڵەى خانەشینى قوربانیانى تیرۆرەوە گلاون، ئۆپەراسیۆنى دەستگیرکردنیان لە ئەنبار و بەغدا و سەلاحەدین کراوە، ژمارەیان 34 تۆمەتبار بووە و هەندێکیان فەرمانبەرى دەستەى خانەشینى گشتى و لقەکانى ئەو دەستەیە بوون."
ئەندامانى ئەو باندە، مامەڵەى خانەشینیان بەناو و وێنەى وەهمیەوە ساختە کردووە.
بەڕێوەبەرى پێشووى خانەنشینى سەلاحەدین یەکێکە لە تۆمەتباران و دەڵێت، "مامەڵەکان لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدینەوە نێردران بۆ ئێمە و ئێمەش ناردمان بۆ دەستەى گشتیى خانەشینى لە بەغدا، بۆ هەر مامەڵەیەک بڕى یەک ملیۆن دینارم وەرگرت لە رێگەى دەلاڵێکەوە، کە ئێستا ئەویش دەستگیرکراوە".
ساختەکردنى ئەو مامەڵانە لەساڵى 2011ـەوە دەستیپێکردووە، دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى سێ مانگ لێکۆڵینەوەى لە دۆسیەکە کردووە.
بەڕێوەبەرى پێشووی هۆبەى قوربانیانى تیرۆر لە خانەنشینى ئەنبار یەکێکی دیکەیە لە تۆمەتباران و دەڵێت، "کاتێک کە ئەم پۆستەم وەرگرت بەشێک لە فەرمانبەرەکان ئەوەیان خستە بەردەستم کە مامەڵەى ساختە بەرامبەر بە 1300 دۆلار بڕوێنم، سەرەتا رەتمکردەوە، بەڵام دواتر پەیوەندیم لەگەڵ هەندێک لە فەرمانبەران و دەڵاڵ و پارێزەر دروستکرد. بۆ هەر مامەڵەیەک 200 بۆ 300 دۆلار تاوەکو سێ هەزار دۆلارم وەردەگرت، بەگوێرەى مامەڵەکان".
بڕى ئەو پارەیەى کە وەرگیراوە بۆ هەندێک لە مامەڵەکان گەیشتووەتە پێنج هەزار دۆلار، تێکڕاى زیانەکانى ئەو دۆسیەى گەندەڵییەش بە یەک تریلیۆن و 32 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ