رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بایکۆت نەکات.
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئاداری 2024 لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانیان لە عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کردووە.
عەمار حەکیم دەڵێت، "جارێکی دیکە داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەشیمان ببێتەوە؛ جەختمان کردەوە کە رێچکەی دیموکراسی لە وڵات و هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەمووانە."
سەبارەت بە هەڵبژاردنی نوێی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نووری مالیکی و عەمار حەکیم دەڵێن، گرنگە لە نزیکترین کاتدا یەکلایی بکرێتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، شەوی 18ی ئاداری 2024، عەمار حەکیم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "بەداخەوە پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە کە بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات."
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێت، "سەرکردایەتیی ئەو پارتە نیشتمانییە دێرینە هان دەدەین کە پێداچوونەوە بەو بڕیارەی بکات؛ چاومان لەوەیە کە برامان جەنابی بەڕێز مەسعود بارزانی چاکەکار لەو هەڵوێستەی پاشگەزبێتەوە و بەردەوام بێت لە پەیڕەوی دیموکراسی کە پێکەوە لەسەری رۆیشتووین. بۆ سەرخستنی ئەو دیموکراسییەش، بەرگەی سەختی و قوربانی و مەینەتیمان گرتووە."
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی 18-03-2024 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
راگەیێندراوەکە لە شەش خاڵ پێکهاتووە و و مەکتەبی سیاسیی پارتی تێیاندا روونیکردووەتەوە بۆچی ئەو بڕیارەی داوە و لە بەشێکیدا هاتووە، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە بۆ لەباربردنی سیستمی دیموكراسیی هەرێمی کوردستان."
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت و یەکەمجاریشە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسییەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ