رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی عێراق دەڵێ، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لە ئەنبار و نەینەوا دەکات و ئەمریکاش بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتباردەکات و دەڵێت:"ئەو بارەگایانە جێگەی مەترسی نین".
پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026، ئەو دەستەیە راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە کە کراونەتە سەر ژمارەیەک بارەگای حەشدی شەعبی.
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەن کە ئەمریکا کردوونیەتە سەر بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە هەردوو پارێزگای ئەنبار و نەینەوا؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو بارەگایانەی پێگەی فەرمی و کارگێڕییان هەیە و لە پەیکەری دەوڵەتی عێراقدان و بە ئاگاداری و هاوئاهەنگی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دانراون.
دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت: "ئەو هێرشانە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی عێراق و دەستدرێژییەکی رەتکراوەن بەگوێرەی هەموو یاساکان" و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوەی کراوە " پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە کە نابێت لێی بێدەنگ بین یان بە شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێ کە رووداوێکی راگوزەرە. بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان، بەئامانجگرتنی راستەوخۆی شکۆی عێراق و سەقامگیری و ئاسایشی گەلەکەیەتی".
ئەو هەڵوێستەی دەستەی حەشدی شەعبی دوای چەند کاژێرێک بوو لە بۆردوومانکردنی بارەگاکانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو دەستەیە لە نەینەوا.
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ئەو بارەگایانە پێگەی کارگێڕی و رێکخستنی ناسراون و هەڕەشە و پاساوێک نین بۆ ئەو جۆرە هێرشانە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، مافی خۆیانە رێکارە رەواکان بگرنەبەر کە یاسای نێودەوڵەتی دەستەبەری کردووە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ