رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هۆشداری لە زیادبوونی هێرشەکان بۆسەر دامەزراوەکانی وزە لە ناوچەکەدا دەدات و دەڵێ، ئەم پێشهاتانە دەبنەهۆی تێکدانی هەوڵەکانی سەقامگیری و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بازاڕەکانی جیهان دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەو هێرشانەی بەم دواییە کرانە سەر دامەزراوەکانی وزە لە ژمارەیەک لە وڵاتانی دراوسێی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە، پێشهاتێكی جێگەی نیگەرانییە و دەبێتەهۆی تێکدانی ئەو هەوڵانەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دەدرێن."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەکاتەوە و دەڵێت: "پێویستە سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزرێ و گەیشتنی وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان مسۆگەر بکرێ، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو گەلان بکات."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەردەوامی گرژییەکان خزمەتی هیچ لایەنێک ناکات، "بەڵکو قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە و بازنەی ئاڵۆزییەکان فراوانتر دەکات، ئەمەش وا دەخوازێ زمانی دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی پێش بخرێت."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رێگەچارەی ئاشتییانە بە "باشترین بژاردە" بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ناودەبات و داوا دەکات میکانیزمە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە کارا بکرێن، تاوەکو ئاسایش و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان پارێزراو بن.
رۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی پارسی باشوور و عەسلەویەی ئێران. پارسی باشوور یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی گازی ئێران کە لە سنووری ئاوە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و قەتەر هەڵکەوتووە.
بە گوتەی ئەسکەندەر پاسالار، قایمقامی عەسلەویە، لە ئەنجامی هێرشەکە چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنان لەکارکەوتن.
لەبەرامبەردا ئێران هێرشی کردە سەر دامەزراوەی گازی LNGـی قەتەر و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی وزە لە وڵاتانی دیکەی کەنداو. دواتر دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و رایگەیاند، ئەگەر جارێکی دیکە هێرش بکرێتە سەر قەتەر، ئەمریکا گەورەترین کێڵگەی گازی ئێران بە تەواوەتی وێران دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ