رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆوە پێگەیشت. سوودانی داوا لە مارک رووتە دەکات، وڵاتانی ناتۆ بەشداری لە جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران نەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا محەممەد شیاع سوودانی جەختی لە پشتیوانیی عێراق بۆ هەموو ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانە کردووەتەوە کە "ئامانجیان راگرتنی جەنگ و گەڕاندنەوەی سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە."
سوودانی ئاماژەی بەوە کردووە کە "پێویستە زمان و ئامرازەکانی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشە و دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بەکاربهێندرێن، نەک پەنابردن بۆ کردەی سەربازی."
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، سوودانی پابەندیی وڵاتەکەی و ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی بۆ پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان بەشێکە لە ئەرکی دەستووری و یاسایی هێزە ئەمنییەکانمان."
سوودانی رەتیکردووەتەوە کە رێگەبدەن خاک یان ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێ و گوتوویەتی، حکومەتەکەی هەوڵدەدات رێگری بکات لە "پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو ململانێکان و فراوانبوونی جەنگ" لە ناوچەکەدا.
نووسینگەکەی دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە سکرتێری گشتیی ناتۆ کردووە "وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکە نەبنە لایەنێک لەم جەنگەدا و هەموو هەوڵەکانیان بۆ پشتیوانیکردنی دیالۆگ و دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی بخەنە گەڕ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ