رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی دەڵێ، تۆمەتبارکردنی حەشدی شەعبی بەوەی لە دەرەوەی دەوڵەت و یاسا کار دەکات، لەسەر بنەمای بێئاگاییە، داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد بارەگای نێردە دیپلۆماسییەکان و دامەزراوە گرنگەکان بپارێزن و رێگری بکەن لەوەی عێراق پەلکێشی ئەو جەنگە بکرێ کە لە ناوچەکەدا هەیە.
پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵ فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەکە و بەرپرسانی دیکەى دەستەی حەشدی شەعبی کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە کە تۆمەتبارکردنی حەشدی شەعبی بەوەی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و یاسادا کاری کردووە، تۆمەتێکە لەسەر بنەمای بێئاگایی و چەواشەکردنێکی بەئەنقەستە بۆ مەبەستی دیاریکراو؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، حەشدی شەعبی هێزێکی بنەڕەتییە کە لەژێر سایەی دەستوور و یاسادا کار دەکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، کاری حەشدی شەعبی بە ئاراستەی پەرۆشی بووە بۆ دەوڵەت و سیستمە سیاسییەکەی و لەو پێناوەدا قوربانی داوە، پارێزگاریکردن لە حەشدی شەعبی و پاڵپشتیکردنی بەرپرسیارێتیی هەمووانە و حکومەتەکەى چاوپۆشى ناکات لە هەر هێرشێک کە بکرێتەسەر چەکدارانى ئەو هێزە و سەرجەم هێزە چەکدارەکانى دیکە.
بە گوتەی سوودانی، ژمارەیەک ئاڵنگارییان لەبەردەمدایە و حەشدى شەعبی بەشێکە لە سیستمی ئەمنی بۆ رووبەڕووبوونەوە و تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانە، داوای لە هێزە ئەمنییەکانیش کرد کە بەردەوام بن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و رێگە نەدەن بە هیچ لایەک عێراق پەلکێشی ئەو جەنگە بکات کە لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە، هەروەها بەردەوام بن لە پاراستنی دامەزراوە گرنگەکان و بارەگای نێردە دیپلۆماسییەکان.
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دەستیپێکردووە، لەناو عێراق هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و ئەو هێزەش ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکەن.
بۆردوومانکردنی بارەگاکانی گرووپە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی دوای ئەوە بوو کە بەشێک لەو گرووپانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق هێرشیان کردە سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و دامەزراوە و شوێنە شڤیلنشینەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ