رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکات بۆ بڕیاردان لە ناردنی خشتەکانی بودجە بۆ پەرلەمانی عێراق. پەرلەمان دەڵێت، دوو هەفتەیان دەوێت بۆ پەسند کردنی، کە دەبێتە بودجەی بڕیارلێدراو بۆ ساڵی 2024 و قۆناخی دووەم لە بودجە سێ ساڵییەکەی عێراق.
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی و ئابووری رایگەیاند، "لەو کۆبوونەوە نائاساییەی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆی خشتەکانی بودجە دەکات و پاشان دەینێرێت بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 77 بڕگەی دووەم لە یاسای بودجەی 2023 بە ژمارە 13."
ئەو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدایە، ناردنی بودجەکان ماوەیەکی زۆر دواکەوتووە، هۆکاری زۆریش لەپشت دواکەوتنیەوە بوون.
ئەو ماددانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رێککەوتن کراوە لەسەر دانانی داواکاریی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی لە چوارچێوەی خشتەکاندا.
سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، "ساڵی رابردوو دوای پەسندکردنی بودجە سێ ساڵییەکەی عێراق، مەرجێک دانرا کە دەبێت ساڵانە خشتەی تەرخانکردنی پارە و بودجە بنێردرێت بۆ پەرلەمان، چونکە ساڵانە خشتەکان دەگۆڕێت، کە خۆی لە چوارچێوەی پڕۆژە و دامەزراندن و وەبەرهێنان، هەروەها خەرجی و کورتهێنانیش دەبینێتەوە."
وەکو ئەو سەرچاوەیە باسی لێوە کرد، "لەبەر ئەوەی بودجەی کوردستان بەشێکە لە بودجە سێ ساڵییەکە، گفتوگۆ لە هەفتەی رابردوو لەسەر ئەو خاڵانە کرا کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان، لەسەر زۆربەی بابەتەکان رێککەوتن کراوە، هەرێمی کوردستان داوای گۆڕینی هەندێک ژمارەی کردووە لەنێو ئەو خشتانەدا، لەوانەش خەرجی و کرێی کۆمپانیاکان، مووچە، بابەتی جیاوازی مووچە، رێککەوتنیش لەسەر ئەو خاڵانە کراوە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە خشتەکە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسند دەکرێت و دەنێردرێت بۆ پەرلەمان، دەمێنێتەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی لەسەر بکرێت، کە ئایا بەم شێوەیە پەسند دەکرێت یان نا؟"
پڕۆژەکان چاوەڕێی بودجەی نوێن
بەپێی زانیارییەکان حکومەت لە چەند مانگی رابردوودا پێداچوونەوەی کرد بە پلانی خەرجییەکان و لابردنی خەرجیی ناپێویست، بە جۆرێک کە داهاتە نانەوتییەکان زیاتر و فراوانتر بکات، لەگەڵیشیدا کەمکردنەوەی بڕی کورتهێنان لە بودجەی 2024دا لە کاتێکدا ئەو کورتهێنانە 80 تریلیۆن دینار بوو.
بەپێی راگەیێندراوێکی هەفتەی رابردووی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، 500 پڕۆژە تەنیا لە بەغدا نیوەچڵن و چاوەڕێن بودجە خەرج بکرێت؛ پەسندکردنی ئەو بودجەیەش لانیکەم تاوەکو سەرەتای مانگی حوزەیران دەخایێنێت.
کورتهێنان زیادیکردووە
بی ئێم ئای سەر بە فیچ سۆڵونژ بۆ لێکۆڵینەوە، پێشبینییەکانی بۆ کورتهێنانی عێراق لە 2024 بەرز کردووەتەوە، بە شێوەیەک لە 3.3%ـەوە بۆ 7% بەرزی کردووەتەوە؛ هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئاسۆی سەرچاوەکانی داهاتی نەوت لاواز بوون، کە نزیکەی %93ی بودجەکە پێکدێت.
راپۆرتەکەی BMI دەڵێت، "خەرجییەکانی بودجە لە 2024 زیاد دەکات، هۆکارەکەشی پلانی حکومەتە بۆ پڕۆژەکان، بەڵام وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە، خەرجییەکان کەمتر بێت لە بڕی دانراو، هۆکاریشی لاوازیی جێبەجێکردنی بودجەی بڕیار لێدراوە."
نرخی نەوت چاوەڕێی ساڵێکی باشی بۆ ناکرێت لە 2024دا، ئەوەش بەپێی راپۆرتی BMI. لە ساڵی 2023دا داهاتی بە رێژەی 15.6% دابەزیوە، نرخی نەوتیش رووی لە دابەزینە، هەروەها هۆکارێکی دابەزینی ئەو داهاتە نەوتییەی عێراق بەپێی راپۆرتەکە، بەردەوامیی راگیرانی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەرەو بەندەری جەیهان.
هەروەها BMI دەڵێت، "ئەو فاکتەرانە تاوەکو کۆتایی نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ دەمێننەوە، لەبەر ئەو هۆکارانەش پێشبینیی بەرهەم لە عێراق بۆ نەوتی بەرەو دابەزین بە رێژەی 5.3% کردووە، لە کاتێکدا پێشتر ئەو رێژەیە 1.9% بوو."
جگە لە هەموو ئەو هۆکارانە، نرخی نەوت لە 2024دا لە 85 دۆلار جێگیر دەبێت، بەڵام داهاتی حکومەت بەراورد بە گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی لە 36%ـەوە دادەبەزێت بۆ 34.1% لە 2024دا.
بۆچوونی هەرێمی کوردستان لەسەر خشتەکان
هەفتەی رابردوو شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەشداریی کۆبوونەوەی لیژنەی هەمواری خشتەکانی کرد، دوای گەڕانەوەیان شاندەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، بڕیارە خشتەکانی یاسای بودجە بە جۆرێک هەموار بکرێنەوە کە مافەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا بپارێزرێت.
هاوکات لە کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردووی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئەوە دووپات کرایەوە؛ دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "بەپێی یاسای بودجە، حکومەتی عێراق دەتوانێت ساڵانە پێداچوونەوە بە لیستی خەرجی و داهاتەکانیدا بکات، گفتوگۆی ئێمە تەنیا لەسەر مووچە نییە و گفتوگۆکان لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە بە ئەرک و مافەوە."
کێشەی هەولێر و بەغدا؛ داهاتی نانەوتی و تەرازووی پێداچوونەوە
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "داهات رادەستی بەغدا نەکراوە کە بڕگەیەکی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراقە، وا دەردەخرێت هیچ کێشەیەک نەمابێت، بەڵام بە کردار هیچ نەکراوە، بۆیە بەغدا ئامادە نییە پارە بنێرێت."
وەکو جەمال کۆچەر دەڵێت، "هەرێمی کوردستان هیچی رادەستی بەغدا نەکردووە."
بەپێی زانیاریی ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی، تەیف سامی گوتوویەتی، لە مانگی شوباتەوە دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان بڕیارەکانی جێبەجێ نەکردوون.
یەکێک لەو خاڵانەش تەرازووی پێداچوونەوەیە، کە لەکاتی خۆیدا ناینێرێت و دوای دەخات، ناردنیشی بە کۆمەڵێک کەموکوڕییەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ