رووداو دیجیتاڵ
پلانی دەرهێنانی نەوت لە زۆنگاوە پارێزراوەکانی میزۆپۆتامیا لە باشووری عێراق، گوندنشینان و چالاکڤانانی هێناوەتە سەر هێڵ، کە سوورن لەسەر رزگارکردنی ئەو هۆرە ئەفسووناوییانەی ساڵانێکی زۆرە بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئامانج لێی دڵنیاییدان بوو بە خەڵکی نیگەرانی ناوچەکە، لە هۆڵێکی کەلەپووریی دروستکراو لە قامیشی زۆنگاوەکان بەڕێوەچوو بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر پلانەکانی حکومەت بۆ ئەو ناوچەیە بکەن کە لە لیستی یونسکۆدایە و ماڵی ئەوانە، مورتەزا جنووبی، چالاکڤانی بواری زۆنگاوەکان گوتی: "هەرگیز قبووڵی ناکەین."
هەموویان بە بەڵێ سەریان لەقاند.
جنووبی کە تەمەنی 33 ساڵە، لە گەشتێکدا بەنێو زۆنگاوەکاندا کە دەکەونە سەر سنووری عێراق و ئێران، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، ئەگەر نەتوانن زۆنگاوەکانی حوێزە رزگار بکەن، "سەردەمێکی مێژوویی بە میرات و ناسنامە باشوورییەکەیەوە بۆ هەمیشە لەنێودەچێت."
چالاکڤانەکە گوتی، مێژووی هەزاران ساڵەی زۆنگاوەکان کە بە ماڵی بەهەشتی عەدەن دەناسرێن، "بەهۆی ئەم کێڵگە نەوتییەوە کۆتایی دێت."
لە ساڵی 2023، کاتێک چین بووە رۆڵگێڕێکی سەرەکی لە کەرتە جیاجیاکانی عێراقدا، وڵاتە نەوتدارەکە مافی پشکنینی کێڵگەی حوێزەی بە کۆمپانیایەکی چینی بەخشی.
چەندین دانیشتووی گوندی ئەبو خەساف لە پارێزگەی میسان، ئەو شوێنەی کە کۆبوونەوەکەی جنووبی و خەڵکەکەی تێدا بەڕێوەچوو، گوتیان کە پێشتر بە تەواوی لە دەرهاویشتەکانی تێنەگەیشتبوون.
ئەم ساڵ کاتێک ئامێری گەورە هێنران بۆ ئەنجامدانی رووپێوی جیۆلۆجی و کردنەوەی رێگەیەکی نوێ، خەڵکەکە گوتیان هەستیان بە "مەترسی" کردووە بۆ سەر ئەو زۆنگاوانە کە ژیانی ئەوان پشتی پێ دەبەستێت.
حکومەت دەڵێت، وەزارەتەکانی نەوت و ژینگە لە نزیکەوە هاوکاری یەکدی دەکەن بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر زۆنگاوەکان دوور بخەنەوە و ئەگەر هەر چالاکییەک هەبێت، لە نزیک زۆنگاوەکانەوە بێت، نەک لە نێویاندا.
وێنەی مانگە دەستکردەکان کە ئاداری ئەم ساڵ لە لایەن پلانێت لابزەوە گیراون، شوێنپێی ئامێرە گەورەکان نیشان دەدەن.
ویم زڤایننبێرگ، لە رێکخراوی ئاشتیی هۆڵەندیی PAX گوتی، وێنەکان ئاماژە بە دروستکردنی "خێرا"ی "رێگەیەکی خۆڵی 1.3 کیلۆمەتری لەنێو رووەکی زۆنگاوەکاندا" دەکەن.

"تەنیا ئاومان دەوێت"
پارێزگەی میسان چەندین کێڵگەی نەوتیی هەیە، یەکێکیان تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە زۆنگاوەکانەوە دوورە.
دووکەڵێکی خۆڵەمێشیی تۆخ ئاسمانەکەی تەنیوە و بڵێسەی سووتانی گازەکەی لە بەلەمەکانی راوە ماسییەوە دەبینرێن کە بەنێو زۆنگاوە کەمئاوەکاندا دەگەڕێن، ئەو زۆنگاوانەی بە دەست ساڵانێکی زۆر لە وشکەساڵیی سەخت و کەمبوونەوەی ئاوەوە دەناڵێنن.
زۆنگاوەکانی میزۆپۆتامیا، کە دەکەونە نێوان رووبارەکانی دیجلە و فورات، پشت بەو رووبار و لقانە دەبەستن کە لە تورکیا و ئێرانی دراوسێوە سەرچاوە دەگرن.
بارانبارینی کەم و دابەزینی ئاستی رووبارەکان، کە هۆکارەکانی دەگەڕێنرێنەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، بەنداوی سەر رووبارەکان، بوونەتە هۆی کەمئاوی کە کاریگەریی خراپی لەسەر سیستمی ژینگەیی زۆنگاوەکان هەبووە.
دانیشتووان چاوەڕێ دەکەن زۆنگاوەکان لە هاویندا وشک ببن و هیوای وەرزی بارانێکی باش دەخوازن کە ماوەیەکی زۆرە نەیانبینیوە، بۆ ئەوەی دووبارە زیندوویان بکاتەوە.
ئاستی ئێستای ئاو لە زۆر ناوچەدا کەمتر لە مەترێک قووڵە. دەریاچەی ئوم نەعاج، کە جاران پڕ بوو لە ماسی، ئێستا تەنیا سێ مەتر قووڵە، بەراورد بە لانیکەم شەش مەتر پێش وشکەساڵییەکە.
کازم عەلی، ماسیگرێکی تەمەن 80 ساڵە، لەکاتێکدا لەنێو دەریاچەکەدا بەلەمەکەی سەوڵدەدا، گوتی، هەرچەندە رەنگە پڕۆژە نوێیەکە هەندێک هەلی کار بڕەخسێنێت، "ئێمەی خەڵکی ئاسایی، سوودی لێ نابینین."
ئەو گوتی: "ئێمە تەنیا ئاومان دەوێت."
رەسوول غورابی، تەمەنی 28 ساڵە و گامێش بەخێودەکات، دەڵێت هەرگیز واز لە زۆنگاوەکان، ناهێنێت، تەنانەت ئەگەر کۆمپانیای نەوتەکە کارێکیشی پێ بدات.

چەقە پارێزراوەکە
بەیانییەکی فێنکی مانگی ئادار، کاتێک غورابی گامێشەکانی بەرەو زۆنگاوەکان دەبرد بۆ لەوەڕاندن، سەری سوڕما کە کرێکارانی بینی خەریکی دانانی کێبڵ و کونلێدان بوون.
ئەو گوتی، کێبڵێک بووە هۆی ئەوەی یەکێک لە ئاژەڵەکانی بەدەمدا بکەوێت.
زۆنگاوەکان چەقێکیان هەیە کە وەک ژینگەیەک خزمەت بە چەندین جۆری گیانەوەر دەکات، لەنێویاندا باڵندە ئاوییە کۆچەرەکان و بە ناوچەیەکی پارێزراو دەورەدراوە تاوەکو دەستکاری نەکرێت.
چالاکڤانان دەسەڵاتداران تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی رووپێویی جیۆلۆجی لەنێو چەقە پارێزراوەکەدا. کۆمپانیای نەوتی میسانی حکومی تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ناوچەکەدا بینراون کاریان بۆ کێڵگەیەکی دیکەی نزیک لەو شوێنە کردووە و لەو کاتەوە لەوێ نەماون.
کێڵگەی نەوتیی حوێزە لە حەفتەکانی سەدەی رابردوودا دۆزرایەوە و عێراق لەگەڵ ئێراندا هاوبەشی دەکات، کە ماوەیەکی زۆرە نەوتی لێ دەردەهێنێت.
کۆمپانیای نەوتی میسان دەڵێت 300 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە رووبەری کێڵگەکە کەوتووەتە نێو ناوچە پارێزراوەکەی زۆنگاوەکانەوە، بەڵام کێڵگە نەوتییەکە چەقی ناوچە پارێزراوەکە نابەزێنێت.
کۆمپانیاکە گوتی، هەڵسەنگاندنێک کە بۆ کاریگەرییە ژینگەییەکان کراوە و لە ساڵی 2024 تەواو بووە، دەبێتە "بنەمای کارکردن لە کێڵگەکەدا"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "بێ زیانگەیاندن بە ژینگە سروشتییەکە" بەدوای نەوتدا دەگەڕێن.
بە گوتەی جاسم فەلاحی، بەرپرسێکی وەزارەتی ژینگە، پێگەی پارێزراوی زۆنگاوەکان رێگری لە پڕۆژەکانی گەشەپێدان ناکات.
ئەو بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "بەڵام وەبەرهێنان بە مەرج و ستانداردی دیاریکراوەوە بەستراوەتەوە کە نابێت زیان بە چەقەکە بگەیەنن یان کاریگەرییان لەسەر شوێنەکە و فرەچەشنییە زیندەییەکەی هەبێت."

هاوسەنگی
ئەحمەد ساڵح نیعمە، چالاکڤانی عێراقی و داکۆکیکارێکی دیاری پاراستنی زۆنگاوەکان، نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە رەنگە کۆمپانیا نەوتییەکان پابەندی رێساکان نەبن و زیاتر زۆنگاوەکان وشک بکەن.
گوتەبێژێکی یونسکۆ بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە کە "لەم ساڵانەی دواییدا نیگەرانییەکان سەریانهەڵداوە" سەبارەت بە کاریگەریی چاوەڕوانکراوی کارەکانی گەڕان بەدوای نەوتدا لەسەر زۆنگاوەکان.
لەودیوی سنوورەکە لە ئێران، ماوەیەکی زۆرە میدیای خۆجێی هۆشداری لە کاریگەریی ژینگەیی پڕۆژە نەوتییەکان دەدات.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە راپۆرتێکدا لە سەرەتای ئەمساڵ، دوای دوو دەیە لە چالاکییە نەوتییەکان لەو زەوییە ئاوییانەی کە لە ئێران بە هوور ئەلعەزیم ناسراون، رایگەیاند کە کۆمپانیاکانی وزە رێگرییان لە ئاو کردووە و ناوچەکانیان وشک کردووە بۆ دروستکردنی ژێرخان.
تەسنیم هەروەها رایگەیاند کە کێڵگە نەوتییەکان سەرچاوەکانی ئاویان پیس کردووە.
نیعمە، چالاکڤانی ژینگەیی گوتی، دەسەڵاتداران دەبێت "هاوسەنگی لە نێوان دوو سەرچاوەی گەورەدا رابگرن: نەوت و زۆنگاوەکان."
عێراق یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا و فرۆشی نەوتی خاو 90%ی داهاتی پێکدەهێنێت.
نیعمە گوتی، لە کاتێکدا نەوت لە رووی داراییەوە زۆر گرنگە، زۆنگاوەکانیش گرنگن چونکە بژێوی ژیانی خەڵکەکەن و نوێنەرایەتیی "میرات، فۆلکلۆر و ناوبانگی عێراق" دەکەن.
لە گوندی ئەبو خەساف، جنووبی گوتی: "ناوچەکەمان هەر خۆی پڕە لە کێڵگەی نەوت. ئایا ئەمە بەس نییە؟ یەخەی زۆنگاوەکانمان بەردەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ