رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت، "سیستمی مووشەکی، رادار و هێلیکۆپتەرمان لە کۆریای باشوور و فەرەنسا کڕیوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەهێزتر دەکەین."
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئایار، لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاوکات لەگەڵ کڕینی 14 هێلیکۆپتەری جۆری کاراکاڵی فەرەنسی، گرێبەستی کڕینی چەندین راداریشمان بۆ بەرگریی ئاسمانی لە فەرەنسا کردووە، کە بەشێکی گەیشتووەتە دەستمان و بەشەکەی دیکەی ساڵی داهاتوو بەدەستمان دەگات."
لیوا تەحسین گوتیشی، "گرێبەستێکمان لەگەڵ کۆریای باشوور کردووە، بۆ کڕینی چەند سیستمێکی مووشەکی، کە ئەوەش پاڵپشتێکی باش دەبێت بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی وڵات."
لە خشتەی بودجەی ساڵی 2024، بڕی 8 ترلیۆن و 633 ملیار دینار وەکو بودجەی وەزارەتی بەرگری دیاریکرا.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق، "ئامانجی سەرۆکوەزیران و وەزارەتەکەمان بەهێزکردنی زیاتری بەرگریی ئاسمانییە، ئەوەش لە رێگەی زیادکردنی بڕی بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتەکەمان و گرێبەستکردن بۆ کڕینی چەک و پێداویستی."
رۆژی 30ی نیسانی ئەم ساڵ، وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، "لە چوارچێوەی گرێبەستەکەمان لەگەڵ فەرەنسا، وەکو گوژمەی یەکەم؛ دوو هێلیکۆپتەری جەنگیی لە جۆری کاراکاڵ گەیشتنە بەغدا."
لیوا تەحسین خەفاجی گوتی، "بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای ئیێرپاسی فەرەنسی کردوومانە، تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو، 14 هێلیکۆپتەری جەنگی لە جۆری کاراکاڵی فەرەنسی، دەگەنە عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ