کۆمیسیۆن نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی درێژکردەوە

19-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی تاوەکو 15ی حوزەیران درێژکردەوە.

رۆژی دووشەممە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا پرۆسەی نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى تاوەکو 15ی 6 درێژ بکرێتەوە."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتیشی، "ئەمە دووەم جارە پرۆسەکە درێژ دەکرێتەوە و ئامانجیش لێی ئەوەیە کە زۆرترین هاووڵاتی بتوانن کارتەکانیان نوێبکەنەوە."
 
لە 25ـى ئادارى 2025، کۆمیسیۆن دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کردەوە و دواى جارێک درێژکردنەوە، تۆماری نوێکردنەوە تاوەکو 23ى ئایار بەردەوام دەبێت کە هەزار و 79 ناوەند بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراون.
 
تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن کە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە.
 
بە گوێرەى ئامارێک کە تۆڕى میدیایی رووداو لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە دەستى کەوتووە، تاوەکو رۆژی یەکشەممە، 18ى ئایار، یەک ملیۆن و 292 هەزار و 45 کەس تۆمارى دەنگدەرانیان لە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان نوێ کردووەتەوە. 
ژمارەکە بەراورد بە هەفتەیەک لەمەوبەر، 171 هەزار و 398 دەنگدەر زیادی کردووە.
 
کارتەکە مەرجى بەشداریکردنە لەو دەنگدانەدا کە بڕیارە لە 11ـى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە