لە ئەنبار فەرمانبەرێک 386 موڵکی حکومەت بە ناوی خزمەکانییەوە دەکات

19-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرمانبەرێکى تۆمارى خانووبەرە لە پارێزگای ئەنبار بە بەڵگەنامەى ساختە و نووسراوى وەهمى 385 پارچە زەوى موڵکى دەوڵەت داگیر دەکات، بۆ ئەوەش زەوییەکانی کردووە بەناوى کەسە نزیکەکانییەوە.
 
دەستەى دەستپاکیى عێراق دووشەممە، 19ى ئایارى 2025 لەراگەیێنراوێکدا وردەکاریى ئەو دۆسیەیەى بڵاوکردەوە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، کارمەندێکى تۆمارى خانووبەرەى قەزاى فەلوجەى سنوورى پارێزگاى ئەنبار، دەستکاری تۆماری ئەو موڵکانەی کردووە، کە سەر بە وەزارەتی دارایین.
 
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاندووە، رووبەرى هەر پارچەیەک لەو زەویانە 250 مەتر بووە و بە تێکڕا 96 هەزار و 250 مەتر بوون، بەهای سەرجەم موڵکەکانیش بە نزیکەى حەوت ملیار دینار مەزەندە دەکرێت.
 
زەوییەکان کراون بەناوى کۆمەڵگەى هاریکاریى نیشتەجێکردن و هەندێکیان کراون بە دوو بەشەوە، فەرمانبەرەکەى تۆمارى خانووبەرە بە نووسراوى وەهمى بەبێ رەزامەندى لایەنە پەیوەندیدارە فەرمییەکانى بەڕێوەبەرایەتیى شارەوانیى و وەزارەتى دارایی کردوویەتى بەناوى کەسە نزیکەکانییەوە.
 
دەستەى دەستپاکى رایگەیاند، دەستبەسەر دۆسیەى ئەو زەوییانەدا گیراوە و خراونەتە بەردەم دادوەر. مامەڵەکردنیش پێیانەوە راگیراوە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە