رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رایگەیاند، لەو 17 هەزار کەسەی ماوەیەک لەمەوبەر بە گرێبەست دامەزرێندران، نزیکەی 70 ژن بە ناونیشانی پێشنوێژ و وتارخوێن لەسەر میلاکی دیوانی وەقفی سوننە لە پارێزگاکە دامەزراون.
ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی دووشەممە، 19ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دامەزراندنی ئەو 70 ئافرەتەی بە "ئابڕووچوون" ناوبرد و گوتی بەدواداچوونیان بۆ کردووە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی: "هیچ شتێک بەناوی پێشنوێژ و وتارخوێنی ژن بوونی نییە، تەنانەت دیوانی وەقفی سوننەش رەتیکردەوە داوای دامەزراندنی لەو شێوەیەی پێشکێش کردبێت."
ئەو دامەزراندنانە، بە گوێرەی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراقە، کە 150 هەزار دامەزراندنی بۆ هەموو پارێزگاکان تەرخانکرد و پشکی نەینەوا 17 هەزار و 50 کەسە.
دامەزراندنەکە بە گرێبەستە و بۆ ماوەی سێ ساڵە بە مووچەی مانگانەی 300 هەزار دینار. ئەو ئەندامە دەڵێت، ئەگەر ئەمانە لە فەرمانگەی خوێندنی ئایینی لە دیوانی وەقفی سوننە دامەزرابن ئەوکات دەیانگوت کێشە نەبوو، بەڵام نەک بە پێشنوێژ و وتارخوێن، چونکە بۆ ژنان ناشێت و لە ئایینی ئیسلام، کریستیان و جووشدا پێشنوێژ و وتارخوێنی ژن نییە.
بە گوتەی ئەحمەد عەبد رەبە، هەڵەکە بۆ لیژنەی دامەزراندنی دیوانی پارێزگای نەینەوا دەگەڕێتەوە، "کەمتەرخەم و وردنەبووە و شکستیهێناوە و چەندین هەڵەی کردووە" و دەشڵێت، پلەی وەزیفی لەو شێوەیە هەر بوونی نییە، بۆیە رێکاری پێویست دەگرنەبەر، بەتایبەتی لەبارەی شێوازی دەرچوونی ناوەکان و دەرهێنان و نەگەڕانەوەی ناوی بەشێک لە پێشکێشکاران، کە شایستەی دامەزراندن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ