رووداو دیجیتاڵ
کەنیسەیەک بەناوى ئیبراهیم پەیامبەر لە شارى مێژویی ئوور لەپارێزگاى زیقار دروست دەکرێت بۆ هاندانى گەشتیارى ئاینى کریستیانەکان و پەلێکشکردنیان بۆ عێراق.
کەنیسەکە 1.5 کیلۆمەتر لە ماڵى ئیبراهیم پەیامبەرەوە دوورە، نزیکە لە پەرستگاى زاقورە کە مێژووەکەى بۆ زیاتر لە شەش هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.
عەلى مورتەزا، یەکێک لە ئەندازیارانى پڕۆژەکە دەڵێت :"شێوەى کەنیسەکە لە کەلەپوورى عێراقى وەرگیراوە، لەپێشەوە لە زاقورەى نەبی ئیبراهیم دەچێت، لە تەنیشەوە وەک بەهەشتە هەڵواسراوەکانە، لە ئاسمانیشەوە لە بەغدا دەچێت."
رووبەرى کەنیسەکە چوار هەزار مەتر چوارگۆشەیە، لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت، دەتوانێت 750 کەس لەخۆ بگرێت.
ئەدوەر فەتوحى، یەکێک لە کۆمەکبەخشانى پڕۆژەکە گوتى: "بانگهێشتى هەموو جیهان دەکەین بۆ ئاشنابوون بە شارستانییەتی دێرینی عێراق و پاشخانەکەى، تاوەکو سەردانى ماڵى ئیبراهیمى پەیامبەر و باوکى ئایینەکان بکەن."
کەنیسەى ئیبراهیم هۆڵێکى گشتیی 700 مەتری و هۆڵێکى دیکەى بۆ کۆبوونەوە ئاینى تێدایە، لەگەڵ تاوەرێکی 13 مەتری کە زەنگی کەنیسەکەى پێوەدەبێت.
نەبع تاڵیب، ئەندازیارى پڕۆژەکە دەڵێت: "بنیاتنانى ئەم کەنیسەیە بەڵگەیە بۆ خۆشەویستى و لێبوردەیی، ئەم کەنیسەیە دەرفەتى کار بۆ هەمووان لە ناسڕیە دەڕەخسێنێت، دەرفەتیشە بۆ سەردانکاران لە سەرجەم وڵاتانى جیهانەوە بۆ ئەوەى بێن و هۆڕەکان و پێگەى سۆمەرییەکان لە ناسڕیە ببینن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ