رووداو دیجیتاڵ
پێشنیازەیاسایەک بۆ کڕینەوەی سزای زیندانی لە پەرلەمانی عێراقە، بەگوێرەی پڕۆژەکە زیندانیان دەتوانن هەر رۆژێک سزای زیندانی بە 10 هەزار دینار بکڕنەوە.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 19-06-2024 بە رووداوی گوت، بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی زیندانیان لە بەندیخانەکان و لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی چاکسازیی دا، پێشنیازێک لە لیژنەی یاسایی باسکراوە بۆ کڕینەوەی ماوەی سزای زیندانیان.
31ی ئاداری 2024 خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، 65 هەزار زیندانی لە بەندیخانەی عێراق هەن، لەکاتێکدا توانای بەندیخانەکانیان 25 هەزار زیندانییە.
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، پێشنیازەکە تاوانە قورسەکان ناگرێتەوە وەک تیرۆر، گەندەڵی دارایی و کارگێڕی، بەڵکو ئەوانە دەگرێتەوە کە سزاکانیان قورس نین، نزیکەی 3 ساڵ زیندانیان هەیە، داواکاریان لەسەر نییە و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیان هەیە.
پێشنیازەیاساکە لەلایەن رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پێشکەشکراوە.
داراسێکانیانی دەڵێت، "لە پێشنیازەکە بۆ هەر رۆژێک زیندانی 10 هەزار دینار دیاریکراوە، بەڵام ئەمە تەنیا قسەیە، رەنگە ئەو بڕە پارەیە گۆڕانکاری بەسەردابێت". گوتیشی، تاوەکو ئێستا ئەمە هەر تەنیا پێشیازێکە لە لیژنەی یاسایی باسکراوە، نەبووەتەوە بڕیار و خوێندنەوەی بۆ بکرێت و رێکاری یاسایی بگیرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ