عەلی سیستانی هۆشداری لەبارەی دۆخی ناوچەکە دەدات

19-06-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی فەرماندە و سیاسییە باڵاکانی ئێران دەکات، هۆشداریی لە فراوانبوونی شەڕەکە دەدات و داوای دەستبەجێ گفتوگۆ دەکات.
 
نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و کە تێیدا سیستانی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ئێران و بەئامانجگرتنی فەرماندە سیاسییە باڵاکانی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکاتەوە. 
 
مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق هۆشداری دەدات و هێرشەکان بەرامبەر ئێران بە تاوان لە قەڵم دەدات، هەروەها نووسیویەتی: "جگە لەوەی پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێوەرە ئایینی و ئەخلاقییەکان و پێشێلکارییەکی زەقی دابوونەریت و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بۆ دۆخی تەواوی ناوچەکە ئەنجامی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە." 
 
عەلی سیستانی دەڵێت: "رەنگە دۆخەکە ببێتە هۆی ئەوەی بەتەواوەتی لە کۆنترۆڵ دەربچێت و پشێوییەکی گەورە دروست بێت کە ئازار و مەینەتیی گەلانی ناوچەکە زیاتر دەکات و تا دوورترین ئاست زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەمووان دەگەیەنێت."
 
مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق دەڵێت: "لێرەوە، بانگەواز لە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان و وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتە ئیسلامییەکان، دەکەین هەموو توانایەکی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ راگرتنی ئەم شەڕە ستەمکارانەیە و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە و دادپەروەرانە بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە