رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانى پارێزگارى نەینەوا هەموو جۆرەکانى ماتۆڕى سێ تایە لەو پارێزگایە قەدەخە کرا، کە لە عێراق بە توکتوک و ستووتە ناسراون. بە گوتەى ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاکە، دروستکردنى قەرەباڵخى و هەوڵى دوو کۆمپانیا بۆ هاوردەکردنى، هۆکارى ئەو بڕیارە بووە.
ئەو فەرمانە چوارشەممە 18ى حوزەیرانى 2025 لەلایەن عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەواوە دەرکراوە، کە ئاراستەى پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتیى هاتووچۆ و گومرگى ناوچەى باکوورى کردووە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، "رێوشوێنى پێویست بگرنەبەر بۆ رێگرى لە هاوردەکردن و هاتنە ناوەوەى ستووتە و ماتۆڕى توکتوک بە هەموو جۆرەکانیەوە."
توکتوک و ستووتە دوو جۆر ماتۆڕى سێ تایەن کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق بۆ گواستنەوەى هاووڵاتییان بەکاردەهێندرێن.
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە رووداوى راگەیاند، ئەو بڕیارەى پارێزگار لەسەر بنەماى بڕیارێکى ئەنجوومەنى پارێزگار بووە کە چوار مانگ لەمەوبەر دەریکردووە، بۆ قەدەخەکردنى ئەو جۆرە ماتۆڕانە.
لە 1ى تەممووزى 2023ـەوە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق هاوردەکردنى ئەو جۆرە ماتۆڕانەى قەدەخە کرد. بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان، تەنیا لە بەغدا زیاتر لە یەک ملیۆن لەو جۆرە ماتۆڕە هەن.
محەممەد کاکەیی گوتى، "ئەو بڕیارە بۆ رێگرییە لە قەرەباڵخیى نەینەوا، پێشتر ئەو جۆرە ماتۆڕانە نەبوون، بەڵام دەنگۆ هەبوو کە دوو کۆمپانیا دەیانەوێت هاوردەى بکەن، بۆیە ئەنجوومەنى پارێزگا بڕیارى قەدەخەکردنی دا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ