قسەکانی باڵیۆزی بەریتانیا لە رووداو کاردانەوەی دیپلۆماسی و سیاسی لێدەکەوێتەوە

19-08-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دوایین کاردانەوەدا بەرامبەر بەو قسانەی ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەرنامەیەکی تۆڕی میدیایی رووداودا کردنی، پارتەکەی نووری مالیکی دەڵێت، پێویستە دیپلۆماتەکە داوای لێبووردن لە عێراق بکات. 
 
هیچن لە بەرنامەی ئەمجارەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی پێنجشەممە 15-08-2024 پەخش کرا، گوتی "دەکرێت ئەو میلیشیایانەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدان، عێراق تووشی کێشەی نێودەوڵەتی بکەن یان تەنانەت بیخزێننە نێو جەنگەوە."
 
ئەم قسانە دوای بڵاوکردنەوەیان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی لە لایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە، بوونە بابەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق و کاردانەوەکانیش بوونە مانشێتی میدیا نێوخۆیی و جیهانییەکان. 
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق قسەکانی هیچنی بە "دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی عێراق و دەرچوون لە ئەرکە دیپلۆماسییەکانی" وەسف کرد. 
 
ئەمڕۆش، پارتی دەعوەی ئیسلامی کە نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق سەرکردایەتیی دەکات، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، باڵیۆزى بەریتانیا بە لێدوانەکانى لەبارەى دۆخى ئەمنیى عێراق، رۆڵ و ئەرکى دیپلۆماسیى خۆى بەزاندووە و  پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانى پێشێل کردووە، هەربۆیە "پێویستە داواى لێبووردن بکات." 
 
هیچن لەبارەی رەوشی ئەمنیی عێراق بە رووداوی گوتبوو "بێگومان رەوشی ئەمنی 100 جار لە جاران باشترە، بەڵام هێشتا هەڕەشە لەسەر بەریتانییەکان هەیە، تەنانەت هەڕەشە لەسەر منیش هەیە. هەندێ میلیشیا ئێمەیان خۆشناوێ، بۆیە زەحمەتە بۆ نموونە، خزمەکانی خۆم هان بدەم سەردانی عێراق بکەن. ئەمە بەشێکە لە کێشەی نەبوونی کۆنترۆڵی ئەمنی و نەبوونی کۆنترۆڵ لەسەر بڵاوبوونەوەی چەک، بەڵام پشت بە خودا چاوم لەو رۆژەیە کە گەشتیاران بە ژمارەی زۆر بگەڕێنەوە بۆ سەردانی ئەم وڵاتە جوانە."  
 
گوتەبێژی پارتی دەعوە دەڵێت "ئەو ملیۆنان زیارەتکارەى بەرەو کەربەلاى پیرۆز رێدەکەن لە ناوەوە و دەرەوەى عێراقەوە هاتوون" بۆ ئەوەی یەکشەممەی داهاتوو بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن، نەوەی پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) بکەن، "سەلمێنەرى ئەو ئاستەى ئاسایش و سەقامگیرییە کە وڵاتى تێدایە." 
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە راگەیێندراوەکەی رۆژی یەکشەممەیدا گوتبووی "نێوەڕۆکی لێدوانەکانی ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بە جۆرێک لە کاروباری ئەمنی و سیاسی دەدەن، کە وێنەیەکی رەشبینانە لەبارەی عێراق بە حکومەت و پێکهاتەکانییەوە نیشان دەدەن."
 
کاردانەوەکان بوون بە مانشێتی میدیا نێوخۆیی، نێودەوڵەتی و جیهانییەکان، لە نێویاندا ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، سکای نیوزی عەرەبی، حەدەس، عەرەبییە، جەزیرە، زە ناشناڵ، ئیندیپێندنتی عەرەبی، سی ئێن ئێنی عەرەبی، رۆژنامەی شەرقولئەوسەت و چەندین پێگەی دیکە. 
 
قسەکانی باڵیۆزی بەریتانیا لەبارەی گرووپە چەکدارەکان لە کاتێکدان، کە بەهۆی جەنگی نێوان حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تەنگژەدا تێدەپەڕێت. 
 
ئەو گرووپە چەکدارە عێراقییانە بەشێکن لەو بەرەیەی لەژێر ناوی "مقاوەمەی ئیسلامی" بە سەرکردایەتیی ئێران لە ناوچەکە دژبەرایەتیی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، لە نێویاندا، بەریتانیا و ئەمریکا دەکەن. 
 
بەگوێرەی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەکانی واشنتن (Washington Institute)، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، ئەو گرووپانە 189 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە ناوچەکە، کە بەریتانیاش ئەندامێکی سەرەکیی هاوپەیمانییە سەربازییەکەیە. 
 
لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا، ئەمریکا چەند جارێک پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لە عێراق و سووریاش بۆردوومانکردووە و زیانی گیانی و مادی بەرچاوی پێگەیاندوون. 
 
هەروەها نزیکەی 400 سەربازی بەریتانی لەنێو ئەو هێزە بیانیانەدان، کە حکومەتی عێراق و پارتەکانی لایەنگری ئێران داوای کشانەوەیان دەکەن. 
 
بەریتانیا تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ هەڵوێستێکی لەسەر قسەکانی باڵیۆزەکەی نەبووە.

 

تەواوی بەرنامەکەی بێستوون تۆک لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا کە لە بەسرەوە پێشکێش کرا:

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە