عێراق
بەشداریی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە رێوڕەسمی ساڵیادی تەقینەوەکەی 2009 لە باڵەخانەی وەزارەتەکەی
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق یادی 16 ساڵەی ئەو تەقینەوەیەی کردەوە کە باڵەخانەی وەزارەتەکەی کردە ئامانج و تێیدا 45 فەرمانبەر کوژران. فوئاد حوسێن دەڵێت، "وەزارەتەکەمان کۆڵنەدەرانە رووبەڕووی هێزەکانی تیرۆر و تاریکی بووەتەوە."
بە سەرپەرشتیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، وەزارەتی دەرەوە ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025، رێوڕەسمێکی بۆ یادی 16 ساڵەی ئەو تەقینەوە رێکخست کە لە ساڵی 2009دا باڵەخانەی وەزارەتەکەی کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی 45 فەرمانبەر و برینداربوونی دەیانی دیکە.
دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، وەزیری دەرەوە تاجەگوڵینەی لەسەر تابلۆی ناوی شەهیدەکان دانا.
فوئاد حوسێن لە گوتارێکدا گوتی، وەزارەتی دەرەوە بە هەموو کارمەندانییەوە گەورەترین قوربانیی لەپێناو پاراستنی سەروەری، یەکپارچەیی و شکۆی عێراق داوە. ئاماژەی بەوەش کرد، "دەستەیەک لە باشترین دیپلۆمات و کارگێڕەکانمان شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، بەڵام ورەی وەزارەت نەڕووخا و ویستەکەیشی لاواز نەبوو، بەڵکو سەلماندی کە قەڵایەکی نیشتمانیی خۆڕاگرە لە رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی تیرۆر و تاریکیدا."
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە، "یادکردنەوەی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە تەنیا لە چوارچێوەی خەم و پەژارەدا نامێنێتەوە، بەڵکو نوێکردنەوەی ئەو پەیمانەیە کە شەهیدان بە خوێنی گەشیان دایان، کە پەیمانی ئاوەدانی، خزمەتکردنی عێراق و گەلەکەی، بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی و نێودەوڵەتییە."
فوئاد حوسێن یادی ئەو تەقینەوەیشی کردەوە کە لە 19ی ئابی 2003 باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە بەغدا کردە ئامانج و تێیدا سێرجیۆ دی مێلۆ، نێردەی ئەو کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک فەرمانبەری دیکەی رێکخراوەکە کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ