رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی عێراق ئاماری رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "3018 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکان تۆمارکراون."
بەپێی ئامارەکەی بەرگریی شارستانیی عێراق، کە بۆ رووداو نێردراوە، لە هەموو پارێزگاکان جگە لە هەرێمی کوردستان، "لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 3018 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون. بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە 58% کەمتر بوونەتەوە."
بەپێی ئامارەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە عێراق بایی 33 ملیار و 853 ملیۆن و 105 هەزار دینار کاڵا و شوێنی بازرگانییان لە سووتان رزگار کردووە.
بەرگریی شارستانیی عێراق گوتی، "زنجیرەیەک رێکار گیراونەتەبەر لە پرسەکانی پەیوەست بە سەلامەتی و پێداویستییەکانی ئاگرکوژێنەوە، کەسانی سەرپێچیکاریش سزادراون.''
ئەو ئامارە لە کاتێکدایە، ناوە ناوە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی عێراق روودەدەن.
هەفتەی رابردوو 7 ئەندامی خێزانێک لە کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵێکی گەڕەکی "ئوور"ی بەغدا گیانیان لەدەستدا؛ شەوی 16ی تەممووزیش ئاگر لە مۆڵێکی شاری کوتی ناوەندی پارێزگای واست کەوتەوە و 63 کەس گیانیان لەدەستدا، بەهۆی رووداوەکە کۆمەڵێک بەرپرس لە پارێزگاکە بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کارەکەیان دوورخرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ