لیژنەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی عێراق و ئێران: گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان چەککران

19-09-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران رایدەگەیێنێت، عێراق پابەندییەکانی جێبەجێ کرد و "لە رێگەی هەوڵی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، گرووپە چەکدارەکان چەککران و لە سنوور دوورخرانەوە." 
 
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش، رۆژی 19ی ئەیلوولی 2023 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەسەر بنەمای پابەندبوونی کۆماری عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەندەکانی رێککەوتننامەی ئەمنیی هاوبەش و لە رێگەی هەوڵی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، بارەگاکانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە نزیک سنووری ئێران بە تەواوی چۆڵکران و بۆ ناوچەیەکی دوور لە سنوور دوورخرانەوە و لە چەکیش داماڵدران. هەروەها هێزی پاسەوانیی سنوور لەو ناوچانە بڵاوکرانەوە و بە هەمیشەیی جێگیر کران و ئاڵای عێراقی بەرزکرایەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا ئامادەبوو و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حکومەتی عێراق دەربڕی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتن کە لێڤەگەڕێکە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و هەر پێشلکردنێک کە روودەدات. 
 
راگەیێندراوە هاوبەشەکە دەڵێت، "دیالۆگ تاکە رێگەی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشە و ناکۆکییەک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نایاب و گەورە کە گەلەکانمان تێیدان و داستانی زیارەتی چلەش باشترین نموونەیە."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "ئەوەی بەدیهاتووە دەرهێنانی ئەو گروپانەیە لە ئەشکەوت، مۆڵگەکانی نزیک سنوور و گواستنەوەیانە بۆ ناوچەیەکی دوورتر کە هەنگاوێکی گرنگ و گەورەیە، بەرپرسیاریەتی پاراستن و تەواوکردنی جێبەجێکردنی قۆناخەکانی دیکەی رێککەتنەکەمان دەخاتە ئەستۆ"؛ داواش لە هەموو لایەنەکان دەکەن دوورکەونەوە لە لێدوانی نەرێنی و پشتیوانی کاری هاوبەش و هاوکاری بەردەوام بن کە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتە.
 
رۆژی 19ی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە