رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی نوێکردنەوەی کارتی خۆراکی ئەلیکترۆنی لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی هاتووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 800 هەزار هاووڵاتی هێشتا داتاکانیان نوێنەکردووەتەوە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 37 ملیۆن و 400 هەزار هاووڵاتی داتاکانیان نوێکردووەتەوە و 3 ملیۆن و 132 هەزار کەسیش بلۆک کراون، کە بریتین لە گەشتیار، دووبارە، وەهمی، یان ئەوانەی خۆیان ڕایانگەیاندووە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، حەنوون ئاماژەی بەوەدا کە 83%ی هاووڵاتییان لە ماوەی 10 رۆژدا داتاکانیان نوێکردووەتەوە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو کە نزیکەی 800 هەزار کەس دەبێت هێشتا فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە."
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دڵنیایی دا کە دوای داخستنی سیستمەکە، "ئەپڵیکەیشنی نوێ بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق، لەوانەش هەرێمی کوردستان، بەردەست دەبێت بۆ زیادکردن یان لابردنی بلۆک."
لەسەر پرسی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، وەزارەت 3 تریلیۆن و 500 ملیار دیناری لە وەزارەتی دارایی وەرگرتووە و دابەشکردنی شایستەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەدەچێت و هیچ جیاوازییەک لە نێوان پارێزگاکان نییە. پێشبینیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق:
رووداو: با لەوە دەستپێبکەم پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکی مانگانە ئێستا بەتەواوی وەستاوە؟
محەممەد حەنوون: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان. وەزارەتی بازرگانی لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە کار لەسەر جێبەجێکردنی کارتی خۆراکی ئەلیکترۆنی دەکات لەڕێگەی مۆبایلەوە، خەڵک دەتوانن زانیارییەکانیان لەڕێگەی ئەم ئەپڵیکەیشنەوە نوێ بکەنەوە. سوپاس بۆ خوا، ئێستا گەیشتووینەتە ئاستی 37 ملیۆن و 400 هەزار هاووڵاتی. پڕۆسەی نوێکردنەوەکە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کۆتایی هاتووە، جگە لە پارێزگاکانی نەینەوا و بەسرە و کەربەلا، چونکە ئەوانە دوایین پارێزگا بوون کە نوێکردنەوەکەیان دەست پێکرد. لەم نوێکردنەوەیەدا، 3 ملیۆن و 132 هەزار هاووڵاتی بلۆک کراون، لە نێوانیاندا گەشتیار، یان ئەوانەی خۆیان رایانەگەیاندووە، یان دووبارە، یان وەهمی بوون. پێموایە کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچن، سەرجەم ئەو کێشانەی لەسەر ئەم ئەپڵیکەیشنە تۆمارکرابوون، کۆتاییان هاتووە و، وەزارەت جیدییە لە ئاسانکردنی کارەکانی خەڵک لە رێگەی بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییەکانی کارتی خۆراکەوە لە رێگەی مۆبایلەوە.
رووداو: بەڕێز محەممەد تاوەکو ئێستا چەند خێزان فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە؟
محەممەد حەنوون: لە راستیدا، ئامارەکانی وەزارەت کە لە رێگەی سیستەمی کارتی خۆراکەوە دەستی دەکەوێت، ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەی ئەو کەسانەی زانیارییەکانیان نوێ کردووەتەوە گەیشتووەتە 37 ملیۆن و 400 هەزار کەس. سێ پارێزگامان هەیە هێشتا لە قۆناخی جێبەجێکردندان. هەروەها، ئێستا 38 ملیۆن و 785 هەزار کەس کارتی خۆراکیان لێ نەبڕدراوە، کارتی خۆراک لە هیچ کەسێک نەبڕدراوە. دوای بڵاوبوونەوەی هەندێک زانیاری یان قسەوباس لەبارەی بڕینی کارتی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی داهاتیان ملیۆنێک دینارە، وەزارەت ئەم مانگە کارتی خۆراکی بۆ 38 ملیۆن و 738 هەزار هاووڵاتی دابین کردووە. ئەم ژمارەیە بۆ ئەوانەیە لە کارتی خۆراکدا تۆمار کراوە. سەبارەت بە کارتی خۆراکی ئەلیکترۆنی، پێموایە لە هەفتەی داهاتوودا سیستمەکە بە یەکجاری دادەخرێت، بەپێی ئەم داخستنە، ئەو کەسانەی زانیارییەکانیان بە تەواوی نوێ کردووەتەوە یان ئەوانەی کارتیان لێ بڕدراوە، ئاشکرا دەکرێن. لە راستیدا، ئێستا هاوکارییەکی زۆر لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەبینین لە پرسی بڕین و ئاشکراکردنی دۆخی خۆیان.
رووداو: دەگوترێ سێ ملیۆن هاوڵاتی فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە، ئەم ژمارەیە راستە؟
محەممەد حەنوون: نەخێر، ئێمە باس لە 3 ملیۆن و 132 هەزار کەس دەکەین کە بلۆک کراون، لە نێوان گەشتیار، یان دووبارە، یان وەهمی، یان ئەوانەی خۆیان رایانگەیاندووە، واتە پێویست ناکات ئەم ژمارەیەی ناویان لە کارتی خۆراکدا نییە، هاووڵاتی بن. ژمارەیەکی زۆر لە سەرجەم پارێزگاکان خۆیان رایانگەیاندووە سەبارەت بە سەرپێچی، یان دووبارەبوونەوە، یان گەشتیارانی دەرەوەی وڵات، یان سەرپێچییەکانی ساڵانی پێشوو. لەبەر ئەوە، ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی و لە چوارچێوەی هەوڵی حکومەتدا، ناتوانین کارتی خۆراک لە هیچ عێراقییەک بلۆک بکەین کە زانیارییەکانی نوێ دەکاتەوە. لە پارێزگای واست ئەپڵیکەیشنێکی نوێمان کردووەتەوە بۆ خزمەتگوزارییە پێشکێشکراوەکان بە خەڵک، لە زیادکردن و بلۆککردن و لابردنی بلۆک، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا، 12 هەزار هاووڵاتی خۆیان رایانگەیاندووە سەبارەت بە سەرپێچییەکانی پەیوەست بە بوونیان لە سیستمی کارتی خۆراکدا.
رووداو: پرسیارەکە ئەوەیە ئێستا وادەکە کۆتایی پێهاتووە، ئەو کەسانەی کە فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە چارەنووسیان چی دەبێت؟ پێویستە چی بکەن؟
محەممەد حەنوون: لە راستیدا، کارتی خۆراک لە هیچ هاووڵاتییەک لە نێو سنووری وڵاتدا نەبڕاوە. ئەگەر خۆی تۆمار نەکردبێت یان زانیارییەکانی نوێ نەکردبێتەوە، ئەوا وەزارەت رێکاری هەیە، هەفتەی رابردوو لە پارێزگای واست دەستمان پێکرد بۆ ئەو کەسانەی کە لە ساڵی رابردوودا و لەو کاتانەی ئەم وەزارەتە دیاری کردبوو، زانیارییەکانیان نوێ نەکردبووەوە، بە پشتیوانی خودا، ئەپڵیکەیشنەکان بۆ زیادکردن و بڕین و هەڵگرتنی بڕین دەکرێنەوە. هەر هاووڵاتییەک مافی کارتی خۆراکی هەیە، دەکرێت لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی دیکەوە کە لە کارتی خۆراکدا دەبێت، زیاد بکرێت، بڕین و هەڵگرتنی بڕین و زیادکردن دەگرێتەوە،هەر کەسێک کارتی نیشتمانیی یەکگرتووی هەبێت، دەتوانێت بەبێ هیچ گرفتێک خۆی تۆمار بکات یان زانیارییەکانی خێزانەکەی نوێ بکاتەوە.
رووداو: لە هەرێمی کوردستان ئەگەر بە داتا و زانیاری لاتانە چەند کەس فۆرمەکەی پڕکردووەتەوە، ئەوانەی پڕیان نەکردووەتەوە ژمارەیان چەندە؟ باسی 800 هەزار کەس دەکرێت کە فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە.
محەممەد حەنوون: رێکارەکان بۆ پارێزگاکانی عێراق و بۆ هەرێمی کوردستانیش هەمان شتن، لە ماوەی 10 رۆژدا 83٪ی هاووڵاتییانی لە پارێزگاکانی هەرێم داتاکانیان نوێکردووەتەوە، ئەم ژمارەیە کۆتایی نییە و ناتوانرێت مامەڵە بەم ژمارەیەوە بکرێت، ئێمە لە سەرەتای کردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی کارتی خۆراکداین لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی کارتی خۆراکی ئەلیکترۆنییەوە، هەر هاووڵاتییەک فۆرمی پڕنەکردووەتەوە، دەتوانێت لە رۆژانی داهاتوودا خۆی زیاد بکات کاتێک خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان و لە رێگەی ئەم ئەپڵیکەیشنەوە دەکرێنەوە. بە خەڵکی هەرێمی کوردستانیشەوە، وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق، دەتوانن ناوی خۆیان زیاد بکەن یان بلۆکی بکەن یان بلۆکەکەی لاببەن، ئەگەر بلۆک کرابێت، دەتوانرێت بلۆکەکەی لاببرێت لە رێگەی زیادکردنی کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو، دەتوانێت زیادی بکات. ئێمە لەسەرەتای زیادبوونێکی گەورەداین لە ژمارەی کارتی خۆراک، یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکان کە رووبەڕوومان دەبوونەوە، وەکو زیادکردنی منداڵان و ژمارەی دیکە، ئێمە لەسەرەتای زیادبوونداین لە ژمارەی ئەوانەی کارتی خۆراکیان هەیە لە رێگەی کردنەوەی ئەپڵیکەیشنی زیادکردنەوە، یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی سەرجەم هاووڵاتییان، لەنێویاندا هاووڵاتییانی پارێزگاکانی هەرێم کە نەیانتوانیوە داتاکانیان نوێ بکەنەوە.
رووداو: ئەوانەی مووچەیان ملیۆنێک دینارە بەشە خۆراکی مانگەیانەیان دەبڕدرێ؟ یان چ پێوەرێک هەیە بۆ ئەوە؟ ئەو فەرمانبەرە بەشە خۆراکەکەی دەبڕدرێت چۆن دیاری دەکەن؟
محەممەد حەنوون: ئێمە تاوەکو ئێستا کار بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشوو دەکەین، تێیدا هاتووە کارتی خۆراک لەو کەسانە دەسەندرێتەوە تێکڕای مووچەکانیان لە دوو ملیۆن دینار تێپەڕ دەکات، پزیشکان و پزیشکانی ددان و خاوەن کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و دەستگیرکراوانی ناو زیندانەکان کارتی خۆراکیان لێ دەسەندرێتەوە، ئەمە بڕیارێکە سێ ساڵ لەمەوبەر دەرچووە ، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی دیکە دەرنەچووە، ئێمە بە رێنماییەکانی پێشوو کار دەکەین ، وەزارەت ئەم مانگە 38 ملیۆن و 800 هەزار هاووڵاتی ئامادە کردووە و بە هیچ بڕیارێکی نوێ کارمان نەکردووە. وەزارەت بە بڕیارەکانی پێشوو کار دەکات و هیچ تێبینی یان بڕیارێک لەبارەی هیچ یەکێک لەوانەی کارتی خۆراکیان هەیە، نەهاتووە. ئەگەر بڕیارێک هەبێت، پێم وایە لە ئەنجوومەنی ئابووریی وەزارەت گفتوگۆی لەسەر، لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. لەم رووەوە، وەزارەتی بازرگانی هەر بڕیارێک جێبەجێ دەکات لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەربچێت، چونکە لایەنێکی پەیوەندیدارە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و یاسا عێراقییەکان.
رووداو: بەرێز محەممەد میکانیزمەکە چۆنە؟ چۆن دیاری دەکەن ئەم فەرمانبەرە مووچەکەی لە ملیۆنێک زیاترە و بەشە خۆراکەکەی دەبڕن؟
محەممەد حەنوون: پێموایە لە پرسیاری یەکەمدا وەڵامم دایتەوە و پێم گوتی هیچ رێنماییەک نەگەیشتووەتە ئەم وەزارەتە بۆ بڕینی کارتی خۆراک لەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان لە ملیۆنێک دینار زیاترە، بە بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران کار دەکەین، کاتێک بڕیاری نوێمان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێبگات، جێبەجێی دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، دەڵێم پرۆسەی ئاگادارکردنەوەی فەرمانبەر لەبارەی مووچەکەیەوە، پاشان لە رێگەی فەرمانگەکەیەوە، ئەوە وەزارەتی بازرگانی لێ ئاگادار دەکاتەوە، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەستەکان ئەوانەن وەزارەتی بازرگانی لەبارەی هەر فەرمانبەرێکەوە ئاگادار دەکەنەوە داهاتەکەی لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت. فەرمانگەی تۆمارکەری کۆمپانیاکان لە وەزارەت، ئەم وەزارەتە لەبارەی تۆمارکراوانی کۆمپانیاکانەوە ئاگادار دەکاتەوە خاوەنی کۆمپانیای عێراقین و داهاتیان زۆرە، بەم شێوەیە وەزارەت پشت بەوە دەبەستێت لەلایەن وەزارەتەکانەوە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە پێشکێشی دەکرێت.
رووداو: ئەم ساڵ زۆر گلەیی لە دابەشکردنی بەشەخۆراک هەیە بە تەواوی دابەش نەکراوە و دواش دەکەوێت، هۆکارەکەی چییە؟
محەممەد حەنوون: لە راستیدا، سەبارەت بە کۆگای کەرەستەکانی سەبەتەی خۆراک، کۆگایەکی باشمان هەیە و کەرەستەمان هەیە، ئەوەی لە دواکەوتن روویدا، هۆکارەکەی هەندێکجار لەوانەیە تەرخانکراوە داراییەکانی کارتی خۆراک بە شێوەیەکی پێویست نەگەیشتبێتە ئەم وەزارەتە، شتێکی دیکەش هەیە، ئێمە بەپێی پلانێکی بازاڕکردن دەڕۆین دڵنیاین لە دابەشکردنی پشکی 8 بۆ 10 کەرەستە لە ماوەی ساڵێکدا، لە کاتێکدا بە شێوەیەکی رێکوپێک بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو بۆ 7 ملیۆن هاووڵاتی دابەشی دەکەین بەسەر خێزانەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتییدا. پێموایە لە کۆتاییدا، لە ماوەی ساڵەکەدا وەزارەت هەموو ئەو کەرەستانەی سەبەتەی خۆراک کە بۆ هاووڵاتییان تەرخانکراوە، بەبێ پچڕان دابەشی دەکات، بەم شێوەیە، ئێمە بەشێکمان دابەشکردووە، ئێستا بەشێکی نوێی کەرەستەکانی سەبەتەی خۆراکمان راگەیاندووە لە سەرجەم پارێزگاکان ئامادە دەکرێت، ئێمە لە رێگەی شاشە بەڕێزەکەی ئێوەوە دڵنیایی دەدەینە خەڵک کەرەستەکانی سەبەتە بە باشی بەردەستن و، کۆگەیەکی باشی دانەوێڵەمان هەیە، هیچ کێشەیەکمان لە کەرەستە خۆراکییەکاندا نییە. کێشەکە لەوانەیە لە تەرخانکردندا رووبدات، بڕە پارە تەرخانکراوەکان بۆ کەرەستەکانی سەبەتە، لە راستیدا، ئێمە کەرتی تایبەت و کۆمپانیامان هەیە وەزارەت گرێبەستیان لەگەڵدا دەکات، ئەم کۆمپانیایانە قەرزێکی زۆری داراییان لەسەر وەزارەتە بەهۆی تەرخاننەکردنی ئەم پارانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە. چاوەڕوانین پرۆسەکانی دابینکردن بە شێوەیەکی رێکوپێک بەردەوام بێت، هاووڵاتی هەموو مافەکانی خۆی لە کەرەستەکانی سەبەتەی خۆراک وەربگرێت، جگە لە خێزانەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی کە پرۆسەی دابینکردنیان لە ماوەی 12 مانگی هەمان ساڵدا بەردەوام دەبێت.
رووداو: زیادکردنی ئەندامێکی نوێی خێزان لە فۆرمی خۆراک وەکو جەنابت دەزانی لە ساڵی 2022 و ئەوانەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە یان منداڵی تازە لەدایکبوویان هەیە تاوەکو ئێستا ئەمانە زیاد نەکراون لە فۆرمی خۆراک چونکە بەپێی زانیارییەکان بریارێکی وا هەیە.
محەممەد حەنوون: لە کۆی قسەکانمدا، باسی سوودەکانی ئەپڵیکەیشنی کارتی خۆراکم کرد و گوتم هیوایەک دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە کارتی خۆراکدا تۆمار نەکراون، ئێستا لە پارێزگای واست دەستمانپێکردووە، تێیدا هەموو هاووڵاتییان دەتوانن خێزان و منداڵەکانیان زیاد بکەن لەکاتێکدا پێشتر تۆمار نەکراون، ئەوانەش کە زانیارییەکانیان نوێ نەکردووەتەوە، کەواتە ئەو خزمەتگوزارییانەی کە ئەپڵیکەیشنی کارتی خۆراک پێشکێشی دەکات بریتین لە زیادکردن، گواستنەوە و دابەشکردن و هەموو ئەوانەی پەیوەستن بەو خزمەتگوزارییانەی هاووڵاتی لە رێگەی مۆبایلەوە پێویستی پێیەتی. دەتوانرێت ئێستا زیادی بکەیت و دەتوانیت بیسڕیتەوە یان بلۆکی بکەیت، بەتایبەتی بۆ خێزانە دووانەکان و خێزانە گەورەکان. ئەم ئەپڵیکەیشنە ئێستا لە پارێزگای واست وەکو تاقیکردنەوە دەستمان پێکردووە، بە یارمەتی خودا ئەم هەفتەیە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بەردەوام دەبین بۆ زیادکردنی هەموو ئەو کەسانەی لە ئەپڵیکەیشنەکەدا تۆمار نەکراون، یان ئەوانەی زانیارییەکانیان نوێ نەکردووەتەوە، یان ئەو منداڵانەی لە ساڵانی رابردوودا زیادکردنیان لەناو خێزانەکانیاندا تۆمار نەکراوە.
رووداو: دوایین پرسیارم لەسەر پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، کەی پارەکە خەرج دەکرێت؟
محەممەد حەنوون: وەزارەت لە چەندین بەیاننامەدا رایگەیاندووە پرۆسەی دابەشکردنی شایستەی جووتیاران بەپێی ئەو میکانیزمانە بەڕێوەدەچێت لەگەڵ کۆمەڵە جووتیارییەکان لەسەری رێککەوتوون، پرۆسەی دابەشکردنی شایستەکان بۆ ئەو کەسانە دەستپێدەکات یەکەمجار بەرهەمەکانیان خستووەتە بازاڕەوە، لە چوارچێوەی پلانی بەبازاڕکردن و وەرگرتنی بەرهەمدا، لە راستیدا، وەزارەتی بازرگانی 3 تریلیۆن دیناری لە وەزارەتی دارایی وەرگرتووە و بەپێی پێشینە ئامادەمان کردووە، ئێستا ئەم هەفتەیە وەزارەت 500 ملیار دیناری دیکەی وەرگرتووە، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئەو جووتیارانەش دەگرێتەوە لە وەرزی بەبازاڕکردندا بەرهەمەکانیان خستووەتە بازاڕەوە، دەمەوێت دڵنیایی بدەمە برایانی جووتیار لە پارێزگاکانی هەرێم کە پرۆسەی دابەشکردنی شایستەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەدەچێت، هیچ جیاوازییەک لە نێوان پارێزگایەک و پارێزگایەکی دیکەدا نییە. مامەڵە لەگەڵ 19 پارێزگای عێراقدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بێگەردانە دەکەین، بە شێوەیەک رێگە بە دابەشکردنی ئەم شایستەیانە دەدات. کاتەکە پشت بەوە دەبەستێت وەزارەتی دارایی دابینی دەکات، ئێستا گەیشتووینەتە 3 تریلیۆن و 500 ملیار دینار، واتە زیاتر لە نیوەی بڕەکەمان تێپەڕاندووە. بەم شێوەیە، بە پشتیوانی خودا، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لەو جووتیارانەی بەرهەمەکانیان خستووەتە بازاڕەوە، بەپێی پێشینەی وەرگرتنیش لە رێگەی ناوەندەکانی بەبازاڕکردنەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی دابەشکردنی شایستەکانیش بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەدەچێت، هیچ جیاوازییەک لە نێوان پارێزگایەک و پارێزگایەکی دیکەدا نییە، جگە لەوەی پێشینە هەیە لە پرۆسەکانی بەبازاڕکردندا.
رووداو: زۆر سوپاس
محەممەد حەنوون: زۆر سوپاس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ