رووداو دیجیتاڵ
دەزگای دژە تیرۆری عێراق رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعش، سەرکردەیەکی داعشیان لە سووریا کوشتووە، کە رۆڵی لە تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان هەبووە.
ئەو دەزگایە لە راگەیێندراوێکدا، کە ئەمڕۆ هەینی، 19-09-2025 بڵاوی کردووەتەوە، سەرکردەکەی داعش بەیانی ئەمڕۆ لە سووریا کوژراوە.
ئەو کەسەی کوژراوە ناوی عومەر عەبدولقادر بەسامە و بە "عەبدولڕەحمان حەلەبی" ناسراوە، بەپێى دژە تیرۆری عێراق یەکێک بووە لە سەرکردە دیارەکانی داعش.
دژە تیرۆری عێراق رایگەیاندووە، "عەبدولڕەحمان حەلەبی بەرپرسی ئۆپەراسیۆن و ئاسایشی دەرەوەی رێکخراوی داعش بووە، هەروەها بەرپرس، پلاندانەر و سەرپەرشتیاری ویلایەتە دوورەدەستەکانی ئەو رێکخراوە بووە و راستەوخۆ دەستی هەبووە لە تەقینەوەکانى بەردەم باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لوبنان و هەوڵدان بۆ چەند هێرشێک لە ئەورووپا و ئەمریکا."
لە 19ی تشرینی دووەمی 2013، هێرشێکی خۆکوژی لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە بەیرووت روویدا و بەهۆیەوە 23 کەس کوژران و 160ی دیکەش برینداربوون.
دژە تیرۆری عێراق رایگەیاندووە، ماوەی مانگێک ئامادەکاری کراوە و تاوەکو شوێنی سەرکردەکەی داعش دەستنیشان کراوە، دواتر لە رێگەی بۆردوومانێکی هاوپەیمانانەوە کوژراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ