هەواڵگریی عێراق: ئەو فەرەنسییانەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە رادەستمان کراون تاوانی تیرۆریستییان کردووە

19-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق روونکردنەوەی لەبارەی گواستنەوەی 47 هاووڵاتیی فەرەنسی لە سووریاوە بۆ عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت، "تاوانی تیرۆریستییان" کردووە.
 
لە راگەیێندراوی دەزگاکەدا هاتووە، "هەندێک لە میدیاکان هەواڵێکیان سەبارەت بە گواستنەوەی 47 هاووڵاتیی فەرەنسی لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق بڵاوکردووەتەوە. ئەو تۆمەتبارانەی گوێزراونەتەوە سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشن و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە داواکراون."
 
بەگوێرەی دەزگای هەواڵگریی عێراق، ئەو تۆمەتبارانە بەشداربوون لە "تاوانی تیرۆریستی لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ژمارەیەک پارێزگای عێراق لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کە لە ساڵانی (2014 - 2017) ئەنجامدراون. هەروەها هەندێکەشیان لە دەرەوەی عێراق چالاکییان ئەنجامداوە کە هەڕەشە بووە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق."
 
دەزگاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "پرۆسەی گواستنەوەیان بۆ نێو خاکی عێراق، بەپێی فەرمانی دادگە بووە کە پشتی بەو لێکۆڵینەوانە بەستووە دەزگاکە لەژێر سەرپەرشتیی دەسەڵاتی دادوەری ئەنجامی داون و بەگوێرەی یاساکانی عێراقیش دادگایی دەکرێن."
 
رۆژی 18ی ئەیلوولی 2025، سێ سەرچاوەی ئەمنی لە عێراق بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیان راگەیاند، 47 هاووڵاتیی فەرەنسی لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە رادەستی هێزەکانیان کراون بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر. 
 
ئەو سەرچاوانە گوتیان، ئەو 47 کەسە لە زیندانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بوون، مانگ و نیوێک لەمەوبەر رادەستی عێراق کراون. 
 
ئەمە یەکەم جار نییە هاووڵاتییانی فەرەنسی لە سووریا بە تۆمەتی ئەندامبوونیان لە داعش رادەستی عێراق دەکرێن. ساڵی 2019ـەش 13 هاووڵاتیی فەرەنسی بە هەمان تۆمەت گوێزرانەوە عێراق بۆ دادگاییکردن. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی هەسەدە، نزیکەی 9 هەزار کەس بە تۆمەتی ئەندامیان لە داعش یان پەیوەندیان بەو رێکخراوەوە لە زیندانەکانیاندان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە