رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە ئێران پاڵپشتییان دەکات و خۆیان بە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەناسێنن، دەڵێن، هێرشیان کردووەتە سەر "ئامانجێکی سەربازی"ی ئیسرائیل.
(موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) ئەمڕۆ شەممە لە راگەیێندراوێكدا بڵاویکردەوە، "لە بەردەوامیی رێچکەی بەرگری دژی داگیرکار و سەرخستنی خەڵکەکەمان لە فەلەستین و غەززە، وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی قەوارەی داگیرکار بەرامبەر خەڵکی سڤیل لە منداڵ و ژن و بەتەمەن دەیکات، موجاهیدەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە درۆن هێرشیان کردە سەر ئامانجێکی سەربازی لە باکووری خاکی داگیرکراومان."
(موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) باس لەوە دەکات، هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر "پێگەکانی دووژمن زیاتر دەکەین."
حەیدەر لامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا رۆژی 07-10-2024 بە رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) زیاتر لە 400 جار هێرشی درۆنی و مووشەکیی کردووەتە سەر ئیسرائیل. میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، ئەو گرووپانە نزیکەی 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و 70٪ـی ئەو هێرشانەش لە ئەیلوولدا بوون.
لامی گوتی، "بزووتنەوەی نوجەبا بەشێکە لە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و بەشێکە لە بەرەی مقاوەمە" کە ئێران و هەموو گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران دەگرێتەوە.
حەیدەر لامی ئاماژەی بەوەش کرد، لە هێرشەکاندا "شوێنی هەستیاری نێو قەوارەی زایۆنیمان کردووەتە ئامانج."
دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی رابردوودا قورسایی هێرشەکانی خستە سەر حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل زیاد کرد.
کاریگەرترینیان رۆژی 3ـی ئەم مانگە بوو کاتێک لە هێرشێکی درۆنیی ئەو گرووپانەدا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان دوو سەربازی ئیسرائیلی کوژران و 24ـی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ