یەکێتیی ئەورووپا ستایشی رۆڵی عێراق لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات

19-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەورووپا پاکێجێکی نوێی هاوکاریی بە بڕی 8 ملیۆن یۆرۆ بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و ستایشی "سەرکردایەتیی عێراق"ـی لەو بوارەدا کرد. 
 
هاوکات لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە بە رووداوی راگەیاند، دیالۆگیان لەگەڵ عێراق لە ئاسایشەوە بۆ بوارەکانی وزە، ئابووری و دیجیتاڵی فراوان کردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2025، چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی یەکێتیی ئەورووپا و عێراق لە لۆکسەمبۆرگ بەڕێوەچوو. دوای کۆبوونەوەکە راگەیێنراوێکی هاوبەش بڵاوکرایەوە.
 
لە راگەیێنراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، یەکێتیی ئەورووپا ستایشی "رۆڵی دیپلۆماسیی بنیاتنەرانەی عێراق"ـی کردووە لە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و پشتیوانیی خۆی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دووپاتکردووەتەوە.
 
راگەیێنراوەکە بە تایبەتی ئاماژەی بە هەوڵەکانی عێراق کردووە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان و رایگەیاندووە، "سەرکردایەتیی عێراق لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی بە تایبەتی ستایش کرا،" ئاشکرایکردووە کە یەکێتیی ئەورووپا پاکێجێکی نوێی پشتیوانی بە بڕی 8 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەو مەبەستە دابین دەکات.
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە دەرفەتێک بوو بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی یەکێتیی ئەورووپا-عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنی هاوبەشی و هاریکاریی ساڵی 2012، هەروەها لەسەر پێشهاتە سەرەکییە هەرێمییەکان، بەتایبەتی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جەنگی ئۆکراینا و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دراوسێکانیدا.
 
کالاس بۆ رووداو: دیالۆگمان لە ئاسایشەوە بۆ وزە فراوان کردووە
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی و لە وەڵامی پرسیاری ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو، سەبارەت بە رۆڵی وزە لە گفتوگۆکاندا، کایا کالاس رایگەیاند: "وەک یەکێتیی ئەورووپا، بێگومان ئێمە دەمانەوێت هەمەجۆری بە وزەی خۆمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان بدەین. ئێمە لە رابردوودا پشتمان بە تەنیا یەک سەرچاوە بەستووە و باجیشمان بۆ ئەوە داوە."
 
کالاس هەروەها ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی کرد و گوتی: "ئێمە بەڕاستی ستایشی ئەو چاکسازییانە دەکەین، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کراون. لەکاتێکدا دیالۆگمان لە ئاسایشەوە بۆ هاوکاریی وزە و دیجیتاڵی فراوان بووە، ئێمە دان بە ئەجێندای فراوانتری چاکسازیشدا دەنێین."
 
فوئاد حوسێن: بڕیار لە بەغدایە و نابینە بەشێک لە هیچ جەنگێک
 
لەلایەن خۆیەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "ئێمە ئەو قۆناخەمان تێپەڕاندووە کە تەنیا باسی ئاسایش بکەین. ئێمە ئێستا رۆڵێکی گرنگ لە ناوچەکەدا دەگێڕین."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، فوئاد حوسێن جەختیکردەوە: "پەیوەندییەکی نایابمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێماندا هەیە، بە ئێرانیشەوە. ئێمە رێز لە سەروەریی ئێران دەگرین. لەم رۆژانەدا بڕیار و پرۆسەی بڕیاردان لە بەغدایە، عێراقییەکانن کە بڕیار دەدەن. ئێمە نابینە بەشێک لە هیچ ململانێیەک یان هیچ جەنگێک."
 
یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیێنراوەکەدا پشتیوانیی خۆی بۆ ئامادەکارییەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دووپاتکردەوە و کالاسیش رایگەیاند، نێردەی چاودێریی یەکێتییەکە لەو رۆژەدا لە عێراق دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."