عێراق
چەند هاونیشتمانییەک لە کێڵگەیەکدا خەریکی کشتوکاڵن. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پلانی کشتوکاڵی وەرزی زستانی راگەیاند، کە 12 ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی لەخۆدەگرێت.
حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رۆژی هەینی، 18-11-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پلانی کشتوکاڵی وەرزی زستانە ئامادەکراوە کە ملیۆنێک و 500 هەزار دۆنم زەوی بە ئاوی سەر رووی زەوی، چوار ملیۆن دۆنم بە ئاوی ژێر زەوی و حەوت ملیۆن دۆنم زەویش بە ئاوی باراناو ئاو دەدرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پلانە لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیی زستانە بۆ جووتیارانی عێراق ئامادە کراوە و کاری لەسەر دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 16-11-2022، مەهدی جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئەو زیانەی بەر کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق کەوتووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماوەی سێ ساڵە لەسەر یەک عێراق و ناوچەکە بە گشتی رووبەڕووی وشکەساڵی بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەو رووبەرە کشتوکاڵییە داچێندراوە کەمتر ببێتەوە. پێش دوو ساڵ پلانی کشتوکاڵی پێنج ملیۆن دۆنم بوو، ساڵی رابردوو کەمبووەوە بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنم، واتە بە رێژەی 50٪ دابەزی، ئەمساڵیش جارێکی دیکە لە دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنمەوە دابەزی بۆ ملیۆنێک دۆنم. ئەمەش بەهۆی وشکەساڵی و کەمیی بارانباران و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی هەردوو رووباری دیجلە و فوراتەوەیە".
بەگوتەی مەهدی جبووری، گۆڕانی کەشوهەوا تەنیا کاریگەری لەسەر رووبەری زەوی کشتوکاڵی نەبووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر ژینگەی شارەکانیش هەبووە.
بە بۆچوونی بریکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، گلدانەوە و گرتنەوەی ئاوی رووبارەکان لەلایەن ئێران و تورکیاوە کاریگەری زۆری لەسەر ئاوی عێراق هەبووە و دەڵێت، ئەوەی ئەو دوو وڵاتە دەیکەن کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان و سامانی ئاژەڵی لە عێراق هەبووە.
لەبارەی بڕی گەنمی بەرهەمهێندراو لە ئەمساڵدا و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بەرهەمی گەنم هەبووە، مەهدی جبووری گوتی: "پێش دوو ساڵ 5 بۆ 3 ملیۆن و 500 هەزار تۆن و ساڵی رابردووش دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنممان لە جووتیاران کڕی، بەمەش توانیومان 70-80٪ی پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکەینەوە. لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا عێراق هیچ بڕە ئاردێکی هاوردە نەکردووە؛ هەروەها گەنمیشی هاوردە نەکردووە،چونکە ئەو گەنمەی هەبووە پێویستی نێوخۆی پڕکردووەتەوە، بەڵام ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی گرێبەستی لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوە کردووە بۆ هاوردەکردنی گەنم بۆ پڕکردنەوەی ئەو بڕەی پێویستە".
سەبارەت بە هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و قەدەخە لەسەر بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق، مەهدی جبووری دەڵێت: "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەندین کۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان. سەرجەم ئەو بەروبوومانەی لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێن بە بەرهەمی نێوخۆیی ئەژمار کراون، واتا کۆتایی بەو بڕیارانە هێندراوە لە رابردوودا لەو بارەوە درابوون لەسەر ئەو بەروبوومانەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرین، بەتایبەتی رێگەپێدانیان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق. ئێستا ئەو کێشانە نەماون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ