رووفاتی 70 قوربانیی دیکەی کۆمەڵکوژیی بادوش رادەستکرانەوە؛ بەشێکیان خەڵکی سلێمانین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی دادپزیشکیی عێراق رایگەیاند، پێنجەمین کاروانی رووفاتی قوربانییانی کۆمەڵکوژیی زیندانی بادوش رادەستی کەسوکاریان کرانەوە، کە ژمارەیان 70 رووفاتە و بەشێکیان خەڵکی پارێزگای سلێمانین.
 
دکتۆر یاسەمین مونزر، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لە فەرمانگەی دادپزیشکیی عێراق، پێنجشەممە، 25-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە چاودێریی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پزیشکیی دادی، رووفاتی 70 قوربانیی کۆمەڵکوژیی بادوش رادەستکرانەوە، کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی پارێزگای نەینەوادا شەهید کرابوون."
 
بە گوتەی دکتۆر یاسەمین، ئەو رووفاتانەی رادەستکراونەتەوە خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی، دیالە، نەینەوا، واست و بەسرەن.
 
بەڕێوەبەری بەشی گۆڕەبەکۆمەڵەکان ئاشکرای کرد، ئەمە پێنجەمین کاروانی رادەستکردنەوەیە و تاوەکو ئێستا 241 رووفات لە کۆی 605 رووفاتی دۆزراوە ناسراونەتەوە.
 
سەبارەت بەو رووفاتانەی ماون، دکتۆر یاسەمین گوتی: "ناتوانین ژمارەی ئەو رووفاتانە بە دیقەت دیاری بکەین کە ماون، چونکە کاتی پشکنین ئیسکەکان بە بەربڵاوی و تێکەڵی بوون، بەڵام بە نزیکەیی 350 رووفات ماون؛ دوای هاوتاکردنی سامپڵ لەگەڵ کەسوکارەکانیان و کۆکردنەوەی ئێسکەکان، ژمارەکە کەمتر دەبێتەوە."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئاڵۆزیی تەکنیکی و لەنێوچوونی زۆربەی نموونەکان بەهۆی کاریگەریی کەشوهەوا و بارانەوە، بەردەوامن لە کارکردن و لە چەند رۆژی داهاتوودا کاروانی دیکەی گەڕانەوەی رووفاتەکان رادەگەیێنن.
 
بەگوێرەی راپۆرتی 'یونیتاد'ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش لە بەیانیی 10ـی حوزەیرانی 2014 هێرشی کردە سەر زیندانی بادوش، کە زیاتر لە سێ هەزار بەندکراوی تێدابوو.
 
راپۆرتەکە دەڵێت، چەکدارانی داعش بەندکراوانیان لەسەر بنەمای ئایینی جیا کردووەتەوە و لە هەمان رۆژدا دەیان بەندکراوی شیعەیان لە چەند شوێنێک کوشتووە. هەندێک لە بەندکراوان بە چەقۆ و گولـلە کوژراون و هەندێکیشیان سەربڕدراون.
 
بەپێی مەزەندەکان، نزیکەی هەزار بەندکراوی شیعە لەو کۆمەڵکوژییەدا گیانیان لەدەستداوە، کە تاوەکو ئێستا رووفاتی 605 کەسیان دەرهێنراونەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کاردیناڵ لۆیس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان

لەسەر وشەی "ئاساییکردنەوە" سوودانی وەڵامی لویس ساکۆ دەداتەوە

کاردیناڵ لۆیس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان داوا دەکات "ئاساییکردنەوە" لە عێراق بکرێت، و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران وەڵامی دەداتەوە بەوەی ئەو وشەیە لە فەرهەنگی عێراقیدا نییە و تایبەتە بە زایۆنیزم.