رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمەی عێراق دەڵێ، دوای هەڵبژاردن 42 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر کرد، بەڵام ئێستا تەنیا 9 بەربژێریان ماونەتەوە.
سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە و ئەندامی شاندی رەوتەکە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پێکهاتەی شیعە دەرگای خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کردەوە و سەرەتا 42 کەس خۆیان بەربژێر کرد، لیژنەیەکی تایبەت بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بەربژێرەکان پێکهێنرا و هەموو بەربژێرەکان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا و ئێستا تەنیا 9 بەربژێر ماونەتەوە.
سەباح ساڵحی گوتی، لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەربژێری سەرۆکوەزیران کە لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکهێنرا 3 پێوەری سەرەکی بۆ بەربژێرەکان دەستنیشانکرد و لەسەر بنەمای ئەو پێوەرانە بەربژێرەکان کەم کرانەوە.
یەکەم: لیژنەکە داوای لە هەر بەربژێرێک کرد (پێنج) کاری لەپێشینەی خۆی وەک سەرۆکوەزیران پێشکێش بکات و ئەو خاڵانە دەستنیشان بکات کە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کاریان لەسەر دەکات.
دووەم: میکانیزمی کارکردن بۆ ئەو کارە لەپێشینانە چین و ئەو کەسانە کێن کە سەرۆکوەزیران پشتیان پێدەبەستێت بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی.
سێیەم: هەر بەربژێرێک پێویست بوو ناوی ئەندامانی تیمی کارای خۆی پێشکێش بکات.
لەسەر بنەمای ئەم 3 خاڵە، بەربژێرەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا و تەنیا 9 بەربژێر مانەوە کە ئێستا رکابەریی لەسەر بەدەستهێنانی پۆستەکە دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی دا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، سەباح ساڵحی گوتی، هەریەک لە نووری مالیکی، محەممەد شیاع سوودانی و حەیدەر عەبادی کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێرکردووە بەشداریی کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەن، ئەوەش جۆرێک لە رووگیری دروست کردووە. بۆ رزگاربوون لەو رووگیرییەش چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند پێشنیازێکی بۆ ئەو 3 بەربژێرە کرد، بەڵام پێشنیازەکانیان رەتکردنەوە.
پێشنیازی یەکەم: چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لەو 3 بەرپرسە کرد کە لە کێبڕکێکان بکشێنەوە و چوارچێوەکە خۆی کەسێک هەڵبژێرێ بۆ ئەو پۆستە، بەڵام رەتیان کردەوە.
پێشنیازی دووەم: چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لەو 3 بەرپرسە کرد خۆیان لەنێوان خۆیان رێکبکەون و کەسێکیان دەستنیشان بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام دیسان ئەو 3 کەسە ئەو پێشنیازەشیان رەتکردەوە.
پێشنیازی سێیەم: چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشنیازی کرد ئەگەر ئەو 3 بەربژێرە لەسەر ناوی یەکێکیان رێکناکەون، با هەرسێکیان یەکێک لەو (9) بەربژێرە هەڵبژێرن کە لە کێبەرکێیەکەدا ماونەتەوە، بەڵام دیسان ئەم پێشنیازەشیان رەتکردەوە.
"کۆبوونەوەکان لەگەڵ پارتی و یەکێتی"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا سەباح ساڵحی کە هاوکات بەشداریی کۆبوونەوەکانی رەوتەکەی بووە لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا، باسی لە نێوەرۆکی کۆبوونەوەکانیان کرد و گوتی: "بەمەبەستی لێکتێگەیشتن لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووینەوە و بە وردی باسمان لە هەڵبژاردنی پۆستە باڵاکان کرد".
سەباح ساڵحی گوتیشی: "بە روونی داوامان لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە و تکامان لێکردوون لەنێوان خۆیان لەسەر بەربژێری سەرۆککۆمار رێکبکەون، چونکە نامانەوێ زیاتر لە بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن کورد و زیاتر لە بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن سوننە هەبێت".
"لە کۆبوونەوەکاندا پارتی دیموکراتی کوردستان بەهیچ جۆرێک باسی لە بەربژێری سەرۆککۆمار یان تەنانەت بەربژێری جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش نەکرد، بەڵکو ئامانجی کۆبوونەوەکان گفتوگۆ بوو لەبارەی کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و هەمووان لەوەدا کۆکین ئەو کارنامەیەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی لەسەر پێکهێنرا نەتوانرا جێبەجێ بکرێ و هیچ لایەنێکمان خوازیاری ئەوە نین هەمان هەڵە دووبارە ببێتەوە و کارنامەیەک بۆ کابینەی نوێی حکومەت دابنرێت و دواتر جێبەجێ نەکرێت،" ئەندامەکەی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە وای گوت.
گوتیشی، کاتێکیش شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی رەوتەکەیانی کردووە بە هیچ جۆرێک داوایان لێنەکردوون پاڵپشتییان بکەن بۆ سەرکەوتنی بەربژێرەکەیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و کارنامەی گشتیی کابینەی نوێی حکومەت مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکان بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ