رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەنداو و کۆگاکانی ئاوی عێراق و بەڕێوەبەری بەنداوی موسڵ دەڵێن، تورکیا پشکی ئاوی عێراق زیاد نەکردووە و "دۆخەکە وەک خۆیەتی."
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025 د. وسام خەلەف، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تورکیا تاوەکو ئێستا هیچ بڕە ئاوێکی لە پشکی ئاوی عێراق زیادنەکردووە و دۆخەکە وەک پێشترە.
لەبارەی کاریگەری شەپۆلە بارانبارینەکەی ئەم دواییە، د. وسام خەلەف گوتی، "لە هەندێک بەنداو وەک بەنداوی دەربەندیخان و سامەڕا بڕێک ئاو کۆبووەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زەوی وشک و کەمئاوە، بارانە سەرەتاییەکانی وەرزی پاییز تەنیا چینی سەرەوەی زەوی هەڵیان دەمژێ و بۆ کۆگەکردن سوودی ئەوتۆی نابێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی عێراق، "بڕی زیادبوونی ئاو بەهۆی شەپۆلە بارانبارینەکە بەشێوەیەکی ئەوتۆ نییە و بەگشتی لە بەنداوەکاندا تەنیا چەند سانتیمەترێک ئاو زیادی کردووە."
هاوکات، حاتەم تەیب، بەڕێوەبەری بەنداوی موسڵ گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ زیادبوونێکی ئەوتۆ لە بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە بەدی نەکراوە و بە رووداوی گوت، "ئێستا تورکیا لە چرکەیەکدا تەنیا 200 مەتر سێجا ئاومان بۆ بەردەداتەوە."
حاتەم تەیب دەڵێ، ئەو زیادبوونەی لە رووبارەکانی دیجلە و فورات هەستی پێدەکرێت تەنیا 10 بۆ 20 مەتر سێجایە، "ئەوەش بەهۆی بارانی ئەم چەند رۆژەی رابردووە نەوەک زیادکردنی ئاوی بەردراوە لە تورکیاوە."
بەڕێوەبەری بەنداوی موسڵ گوتیشی، "لەم وەرزەدا پێویستمان بە 500 بۆ 600 مەتر سێجا ئاوە لە چرکەیەکدا کە لەلایەن تورکیاوە بۆمان بەربدرێتەوە، لەکاتێکدا لە وەرزی هاویندا 700 بۆ 750 مەتر سێجامان پێویست بوو."
رۆژی یەکشەممە 02-11-2025 لە بەغدا، تورکیا و عێراق رێککەوتنێکیان واژۆ کرد کە بە گوتەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، "رێککەوتنەکە لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا یەکەمە." گوتیشی، "بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی ئاو، سازش لەسەر مافە ئاوییەکانمان ناکەین و دەستبەرداری نابین."
1ی تەممووزی ئەم ساڵیش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوای گەیاندنی زانیاری لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی لە عێراق، تورکیا بڕیاری دا 420 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە ئاوی رووباری دیجلە بەربداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ