رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی رێکخراودا بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکان، زیاتر لە 15 هەزار حەوزی نایاسایی ماسییان لابردووە کە رووبەری گشتییان 60 هەزار دۆنم بووە.
خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵمەتەکە بە پشتیوانیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران و بەدواداچوونی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و بەشداریی هێزە ئەمنییەکان بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 15 هەزار حەوزی زێدەڕۆ لابراون."
بە گوتەی خالید شیمال، هەڵمەتەکە سێ جۆر زیادەڕۆیی دەکاتە ئامانج کە ئەوانیش بریتین لە: حەوزەکانی ماسی، ئەو سەرچاوانەی ژینگە پیس دەکەن و زیادەڕۆیی بۆسەر پشکی ئاو و شوێنە قەدەخەکراوەکان.
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی، "سەدان سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار کراون، هەندێکیان سزای پێبژاردن و هەندێکی دیکەیان بڕیاری بەندکردنیان بۆ دەرچووە."
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئەوەی خستەڕوو، "حەوزی زیادەڕۆ بەو حەوزانە دەگوترێت لە دەرەوەی یاسان و خاوەنەکانیان باج نادەنە حکومەت، هاوکات چاودێریی تەندروستی و ژینگەییان لەسەر نییە، دەبنە هۆی پیسبوونی رووبارەکان و بەهەڵمبوونی ئاو."
بەگوێرەی وەزارەتەکە، ئەم زیادەڕۆییانە زیان بە پشکی ئاوی پارێزگاکانی وەک بەسرە، زیقار و سەماوە دەگەیێنن. هیچ قەرەبوویەکیش نادرێتەوە بە خاوەنی حەوزە زیادەڕۆکان، بەڵکو بەپێی رێکارە یاساییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
لە مانگی ئابی 2025، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، شانەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمئاوی و زیادەڕۆییەکان پێکهێنرا، بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق.
ئەرکی لیژنەی پارێزگاکان، بریتییە لە لابردنی زیادەڕۆییەکان لەسەر پشکە ئاوەکان، رێگریکردن لە چاندنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە دەرەوەی پلان، لابردنی حەوزی ماسیی زیادەڕۆ و دانانی پلانی فریاگوزاری بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی پەرلەمانی عێراق، بڕی بەرهەمهێنانی ماسی لە عێراق (ساڵی 2020 تاوەکو نیوەی ساڵی 2025) بەم شێوەیە بووە:
ساڵی 2020
75 هەزار تۆن
ساڵی 2021
96 هەزار تۆن
ساڵی 2022
56 هەزار تۆن
ساڵی 2023
22 هەزار تۆن
ساڵی 2024
45 هەزار تۆن
نیوەی یەکەمی ساڵی 2025
31 هەزار تۆن
ژمارەی حەوزەکان و توانای بەرهەمهێنانیان:
حەوزی ماسیی عێراق (حکومی): 4 حەوز، کە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان 21 ملیۆن ماسییە.
سوەیرە لە واست، شەرش و مەیمونە لە مەیسان، شوش لە بەسرە.
حەوزی ماسیی عێراق (کەرتی تایبەت): 26 حەوز، کە توانای بەهەمهێنانی ساڵانەی 44 ملیۆن ماسییە.
لە پارێزگاکانی (بەغدا، دیوانییە، بابل، واست و میسان)ن
هەروەها حەوزی قوڕینی ماسی، کە یەکێکە لەو رێگە باوانەی لە عێراق بۆ بەخێوکردنی ماسی بەکاردێت.
ژمارەی مۆڵەتپێدراوانی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی لە حەوزە قوڕینەکان:
نیوەی یەکەمی 2025
1105 حەوزی قوڕ
بڕی بەرهەمهێنانی ماسی:
نزیکەی 27,285 تۆن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ