رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا 80 تانە لەبارەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێشکێشکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کراون.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 19-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تاوەکو ئێستا 80 تانە پێشکێشی کۆمیسیۆن کراون و پرۆسەی وەرگرتنی تانەکانیش بەردەوامە.
شەوی دووشەممە 17-11-2025 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیاند و بۆ رۆژی دواتر دەرگای وەرگرتنی تانەکانی کردەوە. بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆن، دەرگای تانەلێدان بۆ 3 رۆژ کراوە دەبێ و دواتر کۆمیسیۆن بۆ 7 رۆژی دەوام، جگە لە رۆژانی پشوو، سەرقاڵی یەکلاییکردنەوەی تانەکان دەبێ.
جومانە غەلای گوتی، دواتر کۆمیسیۆن تانەکان رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دەکات، ئەویش پێویستە لە 10 رۆژدا سەرجەم تانەکان یەکلایی بکاتەوە.
دوای ئەم قۆناخە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردن و ناوی بەربژێرە دەرچووەکان رەوانەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەکات بۆ ئەوەی بە فەرمی پەسندیان بکات.
رۆژی 09-11-2025، دەنگدانی تایبەت و رۆژی 11-11-2025 دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ