رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێ، لەم مانگەدا بەشێکی دیکەی شایستە داراییەکانی جووتیاران، بەتایبەتی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، خەرج دەکرێ.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 19-11-2025، قسەی بۆ زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا کرد و رایگەیاند: "لە بەشی سێیەم یان چوارەمی شایستە داراییەکانی جووتیاران کە خەرجکرا، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لەو رووەوە (خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران) بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە هاوئاهەنگیداین."
محەممەد حەنوون ئاماژەی بەوەش دا، رێنمایی راستەوخۆی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە کە دۆسیەی شایستەی جووتیاران بە تەواوی یەکلایی بکرێتەوە و گوتی: " لە ماوەی ئەم مانگەدا بەشێکی دیکەی پارەی شایستەی جووتیاران خەرج دەکرێ."
تاوەکو ئێستا ئەو پارەیەی رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە بریتی بووە لە، بەشی یەکەم 57 ملیار دینار بوو کە 25 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 20 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای هەولێر و 12 ملیار دیناریشی بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆک بوو؛ بەشی دووەمیش 15 ملیار و 500 ملیۆن دیناربوو؛ 6 بۆ سلێمانی، 5 بۆ هەولێر و 4.5 بەر دهۆک دەکەوێ.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دڵنیایی دایە جووتیاران، بەتایبەت جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە حکومەت جیدییە لە پێدانی تەواوی شایستەکانیان.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت کە بەهاکەی زیاتر لە 300 ملیار دینارە.
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 158 هەزار تۆن بوو؛ پشکی پارێزگای هەولێر 122 هەزار تۆن و دهۆکیش نزیکەی 118 هەزار تۆن بوو.
لەبارەی بەدیجیتاڵکردنی فۆرمی خۆراک، محەممەد حەنوون روونی کردەوە، پرۆسەکە سەرکەوتووە و ئەو کێشانەی هەن، چارەسەر دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کاتی جێبەجێکردنی هەر سیستمێکدا کێشەی تەکنیکی روودەدات، بەڵام ئێمە بەپەلە چارەسەریان دەکەین. بۆ ئەوەی کەمترین کێشە هەبێ، سەرەتا لە پارێزگای واستەوە دەستمان پێکرد و دواتر چووینە پارێزگاکانی کەربەلا، نەجەف و دیوانییە و ئێستا گەیشتووینەتە 10 پارێزگا."
سەبارەت بە ئەپلیکەیشنەکەش، حەنوون رایگەیاند: "ئەپەکە سەرکەوتووە و خزمەتگوزاریی گەورە پێشکێش دەکات. ئەو هەڵە تەکنیکییانەی هەندێک جار لە ناوچەیەکی دیاریکراودا روودەدەن، نیشانەی شکستی سیستمەکە نین، بەڵکو بەهۆی زۆریی بەکارهێنەران و پڕۆسەی نوێکردنەوە و زیادکردنی خزمەتگوزاریی نوێوەیە بۆ ناو ئەپەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ