سوودانی: سەقامگیریی سووریا کاری لەپێشینەی عێراقە

20-01-2026
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی هەریر لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو کۆتایی دێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەقامگیریی سووریا کاری لەپێشینەی نیشتمانی و ناوچەیی عێراقە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 20-1-2024، ئەو قسانەی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد و گوتی: "عێراق بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدی بە تەواوی وەرگرتووەتەوە و ژمارەی راوێژکارانیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوونەتەوە. ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی هەریر لە هەولێر، لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ بە تەواوی کۆتایی دێت."
 
عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 618 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە.
 
سەبارەت بە دۆخی سووریا، محەممەد شیاع سوودانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی: "سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو کە هەموو پێکهاتەکانی تێیدا بژین، گەرەنتییەکی سەرەکییە بۆ ئاسایشی ناوچەکە. پێویستە پرۆسەیەکی سیاسیی شەفاف هەبێت لە سووریا کە هەموو لایەنەکان بگرێتەوە. سەقامگیریی سووریا کاری لەپێشینەی نیشتمانی و ناوچەیی عێراقە." 
 
سوودانی دڵنیایی دا کە سنوورەکانی عێراق پارێزراون و هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەیی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەد شیاع سوودانی گوتی، عێراق لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی لە بەغدا گفتوگۆ بکەن.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، لە سێ ساڵی رابردوودا حکومەت چاکسازیی گرنگی لە کەرتە جیاوازەکان کردووە و ژینگەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنانی بیانی رەخساندووە، ئاماژەی بەوەشکرد، بنەمای "چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەت" بووەتە جێگەی کۆدەنگیی نیشتمانی و تەنیا گفتوگۆ لەسەر کات و میکانیزمەکەی ماوە.
 
هەر لە دیدارەکەدا سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، هەڵبژاردنی ساڵی 2025ی پەرلەمانی عێراق وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی سیاسیی عێراقدا، بەهۆی بێگەردییەکەی و بەشدارییە کاریگەرەکەی خەڵک.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بڕێک لەو حەبە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە

لە ئەنبار دەست بەسەر 311 هەزار حەبی هۆشبەر گیرا

فەرماندەیی هێزەکانی سنووری عێراق رایگەیاند، دوو هەوڵی بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر لە مادەی هۆشبەریان لە رێگەی "باڵۆنەوە" لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار پووچەڵکردووەتەوە.