رووداو دیجیتاڵ
نۆژەنکردنەوەى ژمارەیەک لە کۆشکەکانى سەرۆکایەتی لە بەغدا، کێشەى لێدەکەوێتەوە. وەزارەتى دارایی و پلاندانان تێبینییان هەیە، حکومەتیش دەڵێت دەرخستەى نۆژەنکردنەوەکە لەلایەن وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پێشکێشکراوە و ئەنجوومەنى وەزیران رەزمەندیى لەسەر داوە.
باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق روونکردنەوەیەکى لەبارەى پڕۆژەیەکى حکومەت بۆ نۆژەنکردنەوەى ژمارەیەک لە کۆمەڵگەى سەرۆکایەتى (کۆشک) بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە داوە، بەڵگەنامەیەک بڵاوکراوەتەوە لەسەر ئەو پرسە، کە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەى ئەو کۆمەڵگەى سەرۆکایەتیانە، کە پێکدێن لە چەندین میوانخانەى گەورە و پێشتر لەلایەن هەندێک وەزیر و پەرلەمانتارەوە بەکارهێنراوە کە پێویستى زۆرى بە نۆژنکردنەوە هەبووە.
ئەو روونکردنەوەیەى گوتەبێژى حکومەتى عێراق لەدواى بڵاوبوونەوەى بەڵگەنامەیەک بووە لەسەر تێچووى ئەو نۆژەنکردنەوە و دابینکردنى پێداویستییەکانیان، کە بە 26 ملیار و 105 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە، حەوت ملیار و 962 ملیۆن دینارى بۆ کڕینى پێداویستیى نێو ئەو کۆمەڵگەى سەرۆکایەتییانە بووە.
باسم عەوادى رایگەیاندووە، وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەرخستەى پێویستى ئەو نۆژەنکردنەوەیەى ئامادەکردووە بەگوێرەى پێوەرە هونەرییەکان و لەلایەن وەزارەتى پلادانانەوە خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کە لە 7ـی شوبات ئەو ئەنجوومەنە پەسندیکردووە.
گوتەبێژى حکومەتى عێراق داوا دەکات "لە گواستنەوى زانیارییەکاندا وردبین بن بۆ ئەوەى دەرفەت نەدرێتە ئەوانەى دەیانەوێت راستییەکان بشێوێنن و زیان بە ناوبانگى وڵات بگەیێنن."
ژمارەى ئەو کۆشکانەى لەنێو دەرخستەى نۆژەنکردنەوەدا هاتووە 10 کۆشکە
ئەو کاردانەوەیەى حکومەت هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەى بەڵگەنامەیەک لەلایەن مستەفا سەنەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە گوایە هەردوو وەزارەتى دارایی و پلاندانانى عێراق تێبینییەکان لەسەر دەرخستەى نۆژەنکردنەوەى ئەو کۆشکانە هەبووە. وەزارەتى پلاندانان پارەى کڕینى پێداویستى ئەو کۆشکانەى بە زۆر زانیوە، هاوکات وەزارەتى دارایی ئاماژەى بەوە داوە، ناتوانن ئەو پڕۆژەیە بخەنە نێو لیستى پڕۆژەکانى بودجەى وبەرهێنان، بەهۆى کۆتاییهاتنى ساڵى دارایی بودجە بۆ 2023 و پەسندنەکردنى خەرجى وەبەرهێنانى چەند وەزارەتێک لە بودجەی 2024ـدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ