رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی لیژنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دابەشکران، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەریەکەیان سەرۆکایەتیی دوو لیژنەیان بەرکەوت.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا تاوەکو درەنگی شەوی 18ـی مانگ دوور لە چاوی میدیا کۆبووەوە، دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی نێو ئەنجوومەنی نەینەوای پەسند کرد.
دواتر، محەممەد عەبدوڵڵا جبووری، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان رێکخست و نێوەڕۆکی دانیشتنەکەی روونکردەوە.
جبووری گوتی، "ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبوونەوەی ژمارە حەوتی خۆی کرد، دانیشتنەکە لە دوو بڕگە پێکهاتبوو، یەکەم: دەنگدان لەسەر سەرۆکایەتیی لیژنەکان. بڕگەی دووەم: هەموارکردنی مادەی 36- حەوتەم لە پەیڕەوی نێوخۆی ئەنجوومەنەکە، کە بەم شێوەی لێدێت، سەرۆکایەتیی لیژنەکان بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجوومەن دوای ساڵێک لە رێککەوتی دروستبوونیان هەڵدەوەشێننەوە، ئەوکات دەکرێت سەرۆکایەتیی لیژنەکان بگۆڕدرێن."
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 20 لیژنە پێکهاتووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ هەر لیژنەیەک نابێت لە سێ ئەندام کەمتر و لە پێنج زیاتر بێت. بڕیارەکانی لیژنەکان بە زۆرینە دەدرێن، لە دوو رۆژی داهاتوودا گفتوگۆکان بۆ دابەشکردنی ئەندامان بەسەر لیژنەکان دەستپێدەکات.
ویسام سالم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند لیژنەکان بەمشێوەیە دابەش کراون:
نەینەوا لیئەهلیها، سێ لیژنە
لیژنەی یاسایی: سەعدون مکەیف، سەرۆک.
لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: حەسان عەباسی، سەرۆک.
لیژنەی وەرزش و لاوان: سارە جبووری، سەرۆک.
پارتی دیموکراتی کوردستان دوو لیژنە
لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو: ئەحمەد نازم دووبەردانی، سەرۆک.
لیژنەی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی: ئێریڤان مەهدی، سەرۆک.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوو لیژنە
لیژنەی ئاسایش: محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆک.
لیژنەی رۆشنبیریی و گەشت و گوزار و شوێنەرار: ویسام سالم، سەرۆک.
تەقەدووم دوو لیژنە
لیژنەی پلاندانانی ستراتیژی: ساجیدە ئەفەندی، سەرۆک.
لیژنەی کاروباری قەزا و ناحیەکان: مەحموود خەلەف جبووری، سەرۆک.
سەروەری دوو لیژنە
لیژنەی پەروەردە و خوێندن: سەبهان حەدیدی، سەرۆک.
لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی: سومەیە خابووری، سەرۆک.
حەسمی نیشتمانی، یەک لیژنە
لیژنەی دارایی و ئابووری: عەبدوڵڵا ئەسیل نوجێفی، سەرۆک.
عەزم یەک لیژنە
لیژنەی وزە: ئەحمەد عەبد رەبە، سەرۆک.
عەقدی نیشتمانی یەک لیژنە
لیژنەی تەندروستیی و ژینگە: هەیدل معماری، سەرۆک.
حەدبای نیشتمانی یەک لیژنە
لیژنەی خزمەتگوزاریی و کاروباری شارەوانییەکان: لیلیال محەممەد عەلی، سەرۆک.
ناسنامەی نیشتمانی یەک لیژنە
لیژنەی دەستپاکی: مەروان تائی، سەرۆک.
تەجدید یەک لیژنە
لیژنەی وەبەرهێنان: مەروان زێدان، سەرۆک.
کۆتاکان
کریستیان (بابلیون)
لیژنەی پیشەسازیی و سامانە سروشتییەکان: رەبیع یوسف ئیلیاس، سەرۆک.
کوردانی شەبەک
لیژنەی قەرەبووکردنەوە و ئاوارە و شوێن بزربووان: محەممەد عارف شەبەکی، سەرۆک.
کوردانی ئێزدی
لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان و منداڵ: عێدان شیڤان، سەرۆک.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردانی ئێزدی و شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان چوار ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێ ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
رۆژی 5ی شوباتی 2024، لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەینەوادا، عەبدولقادر دەخیل، بە زۆرینەی دەنگ بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا؛ ئەحمەد حاسوود، بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد جبووری، بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردران.
رۆژی 10ی شوباتی 2024 سیروان رۆژبەیانی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرایەوە؛ هەروەها عومەر نامیق، مۆڵە لە لیستی ناسنامەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدانی، بە جێگری دووەمی جێگری پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 29 کورسی هەیە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، فراکسیۆنی نەینەوا لیئەهلیها 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 4 کورسی، هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانی و سیادە 3 کورسی، هاوپەیمانیی تەقەدووم 2 کورسی، حەسمی نیشتمانی 2 کورسی، هاوپەیمانیی حەدبا 2 کورسی، هەویەی وەتەنی 2 کورسی، ئتیحاد ئەهل نەینەوا 2 کورسی، عەزمی عێراق و حیزبی وەتەنی تەجدید یەکی کورسییەکیان بەدەستهێنا، جگە لەو سێ کورسییەی بۆ پێکهاتەکانی شەبەک، ئێزدی و کریستیان تەرخانکرابوو.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ