رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق راگەیاند، بەهۆى بڕیارەکانیەوە، رووبەڕووى ھێرشێکى راگەیاندنى ناوخۆیی و دەرەکى بووەتەوە، ئەو هێرشانە بە سیاسی ناو دەبات و دەڵێت، "دەبێت رێوشوێنى یاسایی لەدژىان بگیرێتەبەر."
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق راگەیاند، ئامانج لە پەیڕەوکردنى تایبەتمەندییەکانیان بۆ جێبەجێکردنێکى دروستى دەستوورییە، کە یەکپارچەیی خاکى عێراق بپارێزێت و سیستمى کۆمارى پەرلەمانى دیموکراتى بهێنێتەدى.
دادگەکە باسی لەوەشکردووە، دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پەیوەست بن بە سنوورى تایبەتمەندى دەسەڵاتەکانیان، دەسەڵاتە خۆجێییەکان تایبەتمەدى دەسەڵاتى فیدراڵى پەیڕەو نەکات، بەوپێیەى ئەوە پەیوەستە بە سەروەرى و یەکپارچەیی وڵات لەگەڵ ئەوەى کە پێویستە هەرێم و پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە چوارچێوەى هەرێمێکدا دەسەڵاتەکانى دیکە پەیڕەو بکەن و دەسەڵاتە هاوبەشەکانیش لەبەرچاو بگیرێن.
لە راگەیێندراوێکدا، کە 20ـی ئادارى بڵاویکردووتەوە، دادگەى فیدراڵیی عێراق ئاماژەى بەوە داوە، بەهۆی بڕیارەکانیانەوە بۆ پاراستنى دەستور رووبەڕووى ھێرشێکى راگەیاندنى ناوخۆیی و دەرەکى بووەتەوە بۆ ئەوەى لایبدات و ساردى بکاتەوە لە جێبەجێکردنى ئەرکە دەستوورییەکەى.
رۆژی 21ـی شوباتى 2021، دادگەى فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری دا، 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە و بەغدا و هەولێر ناچار بکات کە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە بانکى بکرێت و لیستى مووچە رادەستى وەزارەتى دارایی فیدراڵى بکرێت تاوەکو وردبینى بکرێت.
ئەو دوو بڕیارە کاردانەوەى لێکەوتەوە و 18ـی ئادار، پارتى دیموکراتى کوردستان راگەیاند، کە بەشدارى هەڵبژاردن ناکات و راگەیاند، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە، کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە.
دادگەى فیدراڵى عێراق دەڵێت، "پێمانوایە کە ئەو هێرشە بە سیاسی کراوە و ئامانج لێى زیانگەیاندنە بە ناو و ناوبانگى دادگەى فیدراڵى و بە ئامانجگرتنى رەوایەتییەکەیەتى، ئەوە سزا گەیاندنە بە سەربەخۆیی دادگە، کە پێویست دەکات سەرجەم رێوشوێنە یاساییە پێویستییەکان بگیرێتەبەر بۆ شکستپێهێنان و رەتکردنەوەى."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ