دەستپاکیی عێراق بۆ رووداو: بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رێککەوتنمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

20-04-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. "بەرەو بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان هەنگاو دەنێین". 
 
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق بە رووداوی گوت، "دەستەکەیان سەربەخۆ و فیدراڵییە، هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستانیش دەستەیەکی خۆجێییە و سەر بە دەستە گەورەکەیە (دەستەی دەستپاکیی عێراق)."
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی باسی هاوئاهەنگی کرد لەگەڵ هەرێمی کوردستان: "هاوئاهەنگیمان هەیە، ئەوەش لە رێگەی رێککەوتنی هاوئاهەنگی و هاوکاری، پاڵپشت بە یاسای دەستەی دەستپاکی ژمارە 30ی ساڵی 2011".
 
سەبارەت بە سرووشتی هاوئاهەنگییەکان، حەنوون گوتی: "هاوئاهەنگییەکان تایبەتن بە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، خۆپارێزی، بەرپەرچدانەوە، لەگەڵ ئاشکراکردنی سامانی دارایی. هەنگاوەکانی هاوکاری زۆر گەورە نین؛ بەڵام دەستیپێکردووە". 
 
ئەو بەرپرسە جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت ئاشکراکردنی سامان و دارایی کۆنترۆڵی ناوەندی بەسەرەوە بێت: "لە هەموو ناوچە و پارێزگاکانی عێراق دا. بەرپرسان لەژێر یەک چاودێری بن و بزانرێت ئەو پارەیەی لەکوێ هێناوە. هاوئاهەنگی و هەنگاوەکانی داهاتووش باشتردەبن. دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هاوکارن و ئەرێنیین، بەرەو بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان هەنگاو دەنێین لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا". 
 
وەک سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق باسی کرد: "هەمووان پێویستیان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، چونکە گەندەڵی پەتایە و هەموو دەستکەوتەکان دەخوات جا لە ئاستی دەستکەوتەکانمان لە هەرێمی کوردستان، یان دەستکەوتەکانەمان لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق دا".
 
بەگوێرەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لە 180 وڵاتدا عێراق لە رووی گەندەڵییەوە لە ریزی 157مینە؛ ساڵانە سەروو 200 ملیار دۆلار لە پڕۆژەی ساختە و وەهمی سپی دەکرێتەوە و دەدزرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.