رووداو دیجیتاڵ
پارێزگارى بەسرە فەرمانێکى سەرۆکوەزیران جێبەجێناکات بۆ راگرتنى رێوشوێنەکانیان بۆ هەڵگرتنى زێدەڕۆیی لە دژى زیاتر لە نۆ هەزار پارچە زەوى و دەڵێت: "فەرمانى سەرۆکوەزیران بۆ پارێزگاکان پابەندکەر نییە".
ئەو کێشەیە دواى ئەوە سەریهەڵدا کە حکومەتى خۆجێیی بەسرە دەستى بە لادانى ئەو زێدەڕۆییانە کرد کە لە دژى نزیکەى نۆ هەزار پارچە زەوى ئەو پارێزگایە کراون.
19ى ئايارى 2025، نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق نووسراوێکى ئاڕاستەى ئەسعەد عێدانى، پارێزگارى بەسرە کردووە و تێیدا داواى کرد هەڵمەتى رووخاندنى خانووە زێدەڕۆکان رابگرن، تاوەکو چارەسەرێکى جێگرەوەیان بۆ دەدۆزرێتەوە.
بە گوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانى پارێزگاى بەسرە، ئەسعەد عێدانى جێبەجێکردنى ئەو فەرمانەى رەتکردووە و رایگەیاندووە، "عێراق دەوڵەتێکى فیدراڵییە و فەرمانەکانى سەرۆکوەزیران بۆ پارێزگاکان جێگەى پابەندبوون نییە".
عێدانى گوتویەتى: "پارێزگار لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاوە هەڵدەبژێردرێت و فەرمانبەرى حکومەتى فیدراڵى نییە".
ئەو زەوییە زێدەڕۆیانە، لەلایەن فەرمانبەرانى دەوڵەتەوە خاوەندارێتى دەکرێن و حکومەتى خۆجێیی هەوڵ دەدات بۆیان بگەڕێنرێتەوە.
سێشەممە 20ى ئایارى 2025، عيماد متۆرى، سەرۆکى لیژنەى خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە بە تۆڕى میديایی رووداوى راگەیاند، رووبەرى هەر زەوییەک 300 مەترە و لە سنوورى ناوچەى خۆرزوبێرە، لە نەوەتەکانى سەدەى رابردوو وەک فەرمانبەر ئەو زەوییانەیان وەرگرتووە و زۆرینەیان خانوویان لەسەر دروست کراوە یان بۆ کشتوکاڵ بەکارهێنراون.
عيماد متۆرى گوتى: "ئەو فەرمانبەرانە بە سوودمەند هەژمار کراون و بە گوێرەى یاسا ناتوانن جارێکى دیکە سوودمەند بن، بۆیە لە رێگەى دادگەوە سکاڵایان تۆمار کردووە".
پارێزگارى بەسرە هۆکارێکى دیکەى جێبەجێ نەکردنى فەرمانەکەى سەرۆکوەزیرانى گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەى گوایە پێچەوانەى بڕیارى ژمارە 154ى یاسای لابردنى زێدەڕۆییە.
بە گوێرەى بڕیارى 154 ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى پێشوو کە 2001 دەرکراوە، هەر خانوویەک لەسەر زەویی زێدەڕۆ دروست بکرێت کە هاوتاى نەخشەى بنەڕەتى بێت یان نا، دەبێت تێکبدرێت و ئەو وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەى کار لەسەر تێکدانى نەکات، بەرپرسیارێتییەکەى دەکەوێتە ئەستۆ.
سەرۆکى لیژنەى خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە رایگەیاند، زۆرینەى ئەو زێدەڕۆییانە لادراون و پرۆسەکە رانەگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ