رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای ئێریکسۆنی سوێدی کە لە بواری پەیوەندییە تێلیکۆمییەکاندا کاردەکات، هەڵپەساردووە، ئەمەش دوای ئەوەی کە سوێد دووبارە مۆڵەتی بە پەنابەرێکی عێراقی دا، لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم، بێڕێزیی بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بکات.
دەستە عێراقییەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "عەلی موئەیەد، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای ئێریکسۆنی سوێدی بۆ پەیوەندییەکان لە نێو خاکی عێراقدا هەڵپەسارد، ئەوەش لە بەرامبەر رێگەدانی وڵاتەکەی بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق."
دوای هەڵگرتنی گەمارۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر عێراق، کۆمپانیای ئێریکسۆنی سوێدی لە ساڵی 2003 لە عێراق دەستی بە کارکردن کرد.
کۆمپانیاکە ژێرخانی پەیوەست بە پەیوەندییە تێلیکۆمییەکانی بۆ ژمارەیەک کۆمپانیای عێراق و هەرێمی کوردستان دابینکردووە، دیارترینیان کۆرەک تێلیکۆم، زەین و ئاسیاسێڵ-ن.
ساڵی 2019، ژمارەیەک تۆمەتی گەندەڵی بەسەر کۆمپانیا سوێدییەکەدا ساخکرانەوە، لەنێویاندا، بەرتیلدان بە بەرپرسانی حکومەتی عێراقی و پێدانی پارە بە داعش بۆ ئەوەی رێگری لە کارکردنی نەکرێت. لە ئەنجامدا، کۆمپانیاکە بە 207 ملیۆن دۆلار لە لایەن حکموتی ئەمریکاوە سزادرا.
سنووردارکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-07-2022، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "وەزارەتی دەرەوە رادەسپێرێت بە کشانەوەی هەڵسورێنەری کاروباری عێراقی لە باڵیۆزخانەی عێرق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد. هەروەها داوایکردووە باڵیۆزی سوێد لە بەغدا خاکی عێراق جێبێڵێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ دووبارە رێگەدانی حکومەتی سوێد بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و سووتاندنی ئاڵای عێراق."
پێش ئەوە، سوودانی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد لەسەر مۆڵەتدان بە بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لە لایەن سوێد و سووتاندنی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە لایەن لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەغدا.
حکومەتی سوێدیش هەڵسورێنەری کاروباری عێراقی لە وڵاتەکەیدا بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆی لە بەرامبەر سووتاندنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا پێ بگەیێنێت.
سەلوان مۆمیکا، هەما ئەو پەنابەرە عێراقییە تەمەن 37 ساڵەی کە رۆژی 28ـی حوزەیران، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رۆژی پێنجشەممە لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد، دووبارە بێڕێزیی بەرامبەر بە پەرتووکە پیرۆزەکە کردەوە بەڵام نەیسووتاند.
سەرەڕای ناڕەزایی بەرفراوانی موسڵمانانی جیهان، حکومەتی سوێد جارێکی دیکە رێگەی بە مۆمیکا و هاوڕێیەکی دابوو، ئەو کارە بکەن.
سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوێد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لایەنگرانی رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و بەشێکان سووتاند و دواتر کشانەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 20-07-2023 وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا رایگەیاند، "ئەوەی روویداوە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە و حکومەتیش بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەکات".
تۆبیاس بیڵسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "بەگوێرەی پەیماننامەی ڤیەننا، بەرپرسیارێتیی بەرپرسانی عێراقە پارێزگاری لە باڵیۆزخانەکان و دیپلۆماتکارەکانی بکەن".
سوێد دەڵێت، ستافی باڵیۆزخانەکەیان سەلامەتە بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە دەربارەی زەرەر و زیانەکانی هێرشەکە ئاشکرا بکات.
لەسەر بنەمای "ئازادیی رادەربڕین،" سوێد رێگە بە سووتاندنی پەرتووکە ئاسمانییەکان دەدات چونکە پێیوایە ئەوە لە دژی دەستووری وڵاتەکە نییە، وێڕای ئەوەی کە مانگی رابردوو، حکومەتی ئەو وڵاتە سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی کرد و بە کارێکی ئیسلامۆفۆبیک ناوی برد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ