وەرزی نوێی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات

20-07-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی خوولی پێنجەمی ساڵی سێیەمی وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و تێیدا خوێندنەوە بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت.
 
بەگوێرەی بەرنامەی کار، کۆبوونەوەکە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 20-07-2024 دەستپێدەکات و تێیدا خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت.
 
خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکانی هەمواری یەکەمی یاسای دەزگای شەهیدان ژمارە (2)ی ساڵی 2016 و پەسندکردنی رێککەوتننامەی خزمەتگوزاریی ئاسمانی نێوان عێراق و ئازەربایجان دەکرێت.
 
هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ دوو پڕۆژەیاسا دەکرێت کە بریتین لە پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرت ژمارە 32ی ساڵی 2015. یەکێک لەو مادانەى زیاد دەکرێت، پێدانى پاسپۆرتى دیپلۆماسییە بە بەڕێوەبەرانى 18 پۆست کە چەندین پۆستى باڵاى هەرێمى کوردستانى تێدایە.
 
بەگوێرەى هەموارى یاسای پاسپۆرت، لەنێو ئەو 18 پۆستەدا کە پاسپۆرتى دیپلۆماسییان پێ دەدرێت، هەریەک لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جێگرەکانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و جێگرەکەی، وەزیرەکانى حکومەت و ئەوانەی پلەى وەزیریان هەیە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێشتر ئەو پاسپۆرتە دیپلۆماسییانە بە رێنوێنیی وەزارەتى دەرەوە دەدران. لە یاساى پێشوودا بەو وردەکارییەوە ناوى ئەوانە نەهێندراوە کە ئەو جۆرە پاسپۆرتە وەردەگرن."
 
ئەو پۆستانەى دیکە کە بەڕێوەبەرانیان و خێزانەکانیان پاسپۆرتى دیپلۆماسی وەردەگرن بریتین لە سەرۆککۆمار، جێگرانى سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیرانى عێراق و جێگرەکانى، ئەندامانى پەرلەمانى عێراق و سەرۆک و جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان، ئەمیندارى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیران و سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکى دیوانى پەرلەمانی عێراق، راوێژکارانى سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەت و پەرلەمان، فەرمانبەرانى کەرتى دیپلۆماسیی عێراق.
 
بەگوێرەى ئەو هەموارە، هەریەک لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانانى هەرێمى کوردستان کە لە دواى 9ى نیسانى 2003 ئەو پۆستانەیان وەرگرتووە و خانەنشین بوون، لەگەڵ هاوژینەکانیان پاسپۆرتە دیپلۆماسیەکانیان لا دەمینێتەوە، هەروەها ئەو منداڵانەشیان کە لەگەڵ ئەوان دەمێننەوە و ئەو جۆرە پاسپۆرتەیان نییە، پێیان دەدرێت.
 
پاسپۆرتى دیپلۆماسی بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆى بەرپرسانی باڵایە لە گەشتەکانیان بۆ دەرەوەى وڵات وەک نەریتی دیپلۆماسیی نێوان وڵاتان.
 
بڕگەیەکى دیکەى هەموارەکە ئەوەیە دەسەڵات بە وەزیرى دەرەوە دراوە پاسپۆرتى دیپلۆماسی بداتە ئەو کەسانەى سرووشتى کارەکەیان یان بەرژەوەندیی گشتى ئەوە دەخوازێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە