رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، "پیلانگێڕییەکی بەعسییەکان"یان لە سێ پارێزگا پووچەڵکردووەتەوە و 40 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە تێوەگلاون لە بەڕێوەبردن و پاڵپشتیکردنی دارایی بۆ بڵاوکردنەوەی بیری تائیفی و هەوڵدان بۆ کاری تێکدەرانە.
دەزگاکە ئەمڕۆ یەکشەممە (20ـی تەممووزی 2025) رایگەیاند، "لێکۆڵینەوەکان هەوڵێکیان ئاشکرا کردووە لەلایەن پاشماوەکانی رژێمی پێشووەوە سەرپەرشتی کراوە و پشتیان بە گوتاری چەواشەکارانە بەستووە بۆ بڵاوکردنەوەی بیری قەدەخەکراو و هاندان دژی دەوڵەت. یەکێک لەو هەوڵانە بریتی بووە لە پڕوپاگەندەکردن بۆ قەوارەیەک بە ناوی (لیوای 66) کە لە دەرەوەی وڵاتەوە لەڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت."
دەزگاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بە فەرمانی راستەوخۆی عەبدولکەریم عەبد فازڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، هێزە ئەمنییەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانییان کردووە، ژمارەیەک لە تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە کە پشتگیری و ئاراستەکردنیان لەلایەن "کەسانی هەڵهاتووی دەرەوەی وڵات"ـەوە پێگەیشتووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی جەختی کردەوە رێکاری یاسایی پێویست دژی تێوەگلاوان گیراوەتەبەر و رایگەیاند: "ئەم پیلانانە سەرکەوتوو نابن لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بیری دیکتاتۆری و تێکدانی ئاسایشی نیشتمان."
یاسای قەدەخەکردنی حیزبی بەعس و پڕوپاگەندە بۆکردنی لە عێراقدا لە رۆژی 30ـی تەممووزی 2016 خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی حەوتەمی وەرزی یەکەمی یاسادانانی ساڵی سێیەمدا دەنگی لەسەردا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ