رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرانى گشتیی پۆلیس و بەرگریی شارستانیی واست لەنێو ئەو چوار بەرپرسەدان بە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای ئەو شارە لەکار دوورخرانەوە، ئەوەش بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە کە 63 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا. هەروەها بەڕێوەبەرى شارەوانى و قایمقامى پێشووترى شارەکە لەسەر هەمان رووداو درانە دادگە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی پارێزگای واست کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت، ناوەندی پارێزگاکە کرد و چەند بڕیارێکی دەرکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی پارێزگای واست، بڕیاردراوە بە لەسەرکارلادانی لیوا محەممەد فەهد، فەرماندەی پۆلیسی واست، بەهۆی "خراپ بەڕێوەبردنی دۆسیەی رووداوەکە و لاوازیی هەماهەنگیی مەیدانی." هەروەها بڕیاری لەسەرکارلادانی عەمید حەیدەر عرێبی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی دراوە و راپێچی دادگە کراوە بەتۆمەتی "کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبردنی دۆخەکە و چەواشەکردنی حکومەتی خۆجێی لەبارەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە."
شەوی 16ـی تەممووزی 2025، ئاگر لە هایپەرمارکێتی کۆڕنیش لە کوت کەوتەوە، بەهۆیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکە برینداربوون.
ئەنجوومەنی پارێزگای واست بڕیاری لەسەرکارلادانی هەریەک لە بەڕێوەبەری بەشی چاودێریی تەندروستی داوە بەهۆی "سەرپێچی پەیوەست بە جێبەجێنەکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و سەلامەتیی گشتی"، هەروەها بەڕێوەبەری بەشی نیشتەجێبوون بەهۆی "بوونی کەمتەرخەمیی کارگێڕی کە پەیوەستە بە بەدواداچوونی کرێکاران لەنێو باڵەخانە سووتاوەکەدا،" لە پۆستەکەی لادراوە.
حەبیب بەدری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای واست و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 بەرپرس و فەرمانبەری مەدەنی و ئەمنی بەهۆی ئەو رووداوەوە لەسەرکار لادراون یان لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن."
ئەنجوومەنی پارێزگای واست بڕیاریدا نووسراو ئاراستەی دادگەی لێکۆڵینەوەی کوت بکرێت بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر بە هەریەک لە حامد خزێم، قایمقامی پێشووتری کوت و عەلی سەیوان، بەڕێوەبەری پێشووتری شارەوانیی کوت، بەتۆمەتی پشتگوێخستن و کەمتەرخەمیی کارگێڕیی لە بەدواداچوونی دۆسیەی سەلامەتی و چاودێریی شارستانی لەو ماوەیەی کە بەرپرسیارێتییان هەبووە.
حەبیب بەدری گوتی: "سەرۆکی شارەوانیی ئێستا و پێشوو لەژێر لێکۆڵینەوەدان و تاوەکو ئێستا دەرنەکەوتووە ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بەمەبەست بووە یان قەزا و قەدەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ