رووداو دیجیتاڵ
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەکارهێنانی مەرەکەبی بۆ رۆژی دەنگدان هەڵوەشاندەوە و دەڵێت پێویست ناکات.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداو-ی راگەیاند، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دا بەکارهێنانی مەرەکەب لە رۆژی دەنگدان هەڵبوەشێنێتەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا پێویست بوو دەنگدەر دوای دەنگدان پەنجەی بخاتە نێو مەرەکەبەوە.
گوتەبێژی کۆمسیۆن هۆکاری ئەو بڕیارەی روونکردەوە و گوتی، کارتی بایۆمەتری دەنگدان سێ پەنجەمۆری لەخۆگرتووە، کە بریتن لە پەنجەمۆری زیندووی خودی دەنگدەرەکە، لەگەڵ ئەو پەنجەمۆرەی لەنێو کارتی بایۆمەتری هەیە، هەروەها ئەو پەنجەمۆرەشی لە ئامێرەکەدا هەڵگیراون، ئەمە وێڕی دانانی کامێرا کە گرێدراوە لەگەڵ ئامێری دەنگدانەکە لە رۆژی دەنگداندا.
جومانە غەلای، گوتی: "بەم شێوەیە پێویست بە بەکارهێنانی مەرەکەب لە رۆژی دەنگداندا ناکات، چونکە ئامێری دەنگدان گەرەنتی مافی دەنگدەرانی دەستەبەرکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا".
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتر دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن، نزیکەی 8 ملیۆنی دیکە بەهۆی نەبوونی کارتی بایۆمەتری مافی دەنگدانیان نییە، چونکە مەرجی سەرەکی بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان بوونی کارتی بایۆمەترییە.
بڕیارەی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ