نەرمین مەعرووف: چاوەڕوانیی ئەنجامی باش لە رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت

20-07-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بانگهێشتی وەزیری دارایی فیدراڵی کراوە بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق. ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، نەوەک تەنیا مووچە، بەڵکو لەبارەی سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پرسیار لە وەزیری دارایی دەکرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 20-07-2025، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر چەند پرسێکی دارایی، میوانداری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی کردووە. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەکە لە هۆڵی پەرلەمان قسەی بۆ زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''میواندراییەکە پەیوەندی بە تێکڕای شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت و پرسیار لەو رێککەوتنەش دەکرێت کە بۆ پرسی مووچە و نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە.''
 
نەرمین مەعرووف ئاماژەی بەوە کرد، جیا لە مووچە، پێویستە هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانی لە بودجەی وەگەڕخستن، وەبەرهێنان و پترۆدۆلار وەربگرێت و ئێمە قسە لەسەر ئەوە دەکەین کە هەردوولا بە رێککەوتنەکەی نێوانیان پابەندبن.''
 
تەیف سامی لەکاتێکدا بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کراوە کە هەولێر و بەغدا رێککەوتوون بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت و مووچە، مانگانە هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و، وەزارەتی دارایی فیدراڵیش دەست بە خەرجکردنی مووچە بکات.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چاوەڕوانیی دەرەنجامی باش لە رێککەوتنەکە دەکرێت، بەڵام گرنگتر لەوە، پابەندبوونی هەردوو لایە بە رێککەوتن. ئێمەش وەکو کاری پەرلەمانیی خۆمان و چاودێریی بەسەر هەردوو حکومەتدا، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەکەین.''
 
بەگوتەی نەرمین مەعرووف، خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتی و دەستووری عێراقدان و هاوتەریبن لەگەڵ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوێنێ شەممە سەردانی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و لەبارەی مژارەکانی گفتوگۆیان دەڵێت، دیدارەکەیان پەیوەندیدار بووە بە هەندێک ماف و داواکاریی خەڵکی کوردستان جیا لە مووچە.
 
نەرمین مەعرووف بەبێ ئاماژەدان بەو داواکارییانەی کە ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراون گوتی، ''بەخۆشییەوە دەتوانم بڵێم، بەشێکی زۆریان پەسند کران.''

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."