رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت. جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ شاندەکەیە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، 20ی ئەیلوولی 2025، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بۆ بەشداریکردن لە 80ـیـەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئەمریکا دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، شاندی یاوەری سەرۆککۆمار پێکهاتووە لە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی؛ ئیڤان فایەق جابرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەران؛ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە.
گوتاری عێراق لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن لەتیف رەشیدەوە پێشکێش دەکرێ.
هەروەها هەر لە نیویۆرک کۆنفرانسێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی داخستنی کەمپی هۆل بەڕێوەدەچێ.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کۆنفرانسێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی داخستنی کەمپی هۆل بەڕێوەدەچێ. کۆنفرانسەکە لەسەر داواکاریی عێراقە و ئامانج لێی خستنەڕووی دۆسیەی کەمپەکەیە لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
گەڕانەوەی عێراقییەکانی نێو کەمپی هۆل لە ساڵی 2021ـەوە دەستیپێکردووە و زیاتر لە 18 هەزاریان گەڕێندراونەتەوە.
کەمپی هۆل دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە. بەشێکی دانیشتووانی کەسوکاری چەکدارانی داعشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ