رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ، لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە 12 کەسی داواکراو بە تۆمەتی گەندەڵی گەڕێندراونەتەوە عێراق.
عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 20ی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 12 کەسی داواکراو، کە لەنێویاندا بەرپرس و فەرمانبەر هەن، لە وڵاتانی جیاواز وەک تونس، عومان، ئیمارات، تورکیا و میسرەوە گەڕێندراونەتەوە."
عەلی محەممەد گوتیشی: "بڕێک پارەش لە چەندین وڵاتی وەکو ئوردنەوە گەڕێندراونەتەوە."
دەستەی دەستپاکیی عێراق کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە دەکات چوونەتە دەرەوەی وڵات، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتانی دیکە و دامەزراوەکانی دادوەری، بە پشتبەستن بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و یاسا کارپێکراوەکان.
لە دەستەی دەستپاکیی عێراق "بەڕێوەبەرایەتیی گەڕاندنەوە" هەیە کە بەگوێرەی یاسای ژمارە 30ـی ساڵی 2011ـی دەستەکە، بەرپرسیارە لە کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی تۆمەتبارە داواکراوەکانی دەستەکە لە دەرەوەی عێراق و گەڕاندنەوەی پارە گەندەڵییە بردراوەکە بۆ دەرەوە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان. ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دوو بەش لەخۆدەگرێت، یەکێکیان بۆ گەڕاندنەوەی پارە و ئەوی دیکەیان بۆ گەڕاندنەوەی تۆمەتباران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ