رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بۆ تۆڕی میدیایی رووداویان پشتڕاست کردەوە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکە. بەوەیش گرێکوێرەیەکی دوو ساڵ و نیوی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێتەوە، کە بەربەستی سەرەکیی بەردەم ناردنی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بوو.
عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەمڕۆ شەممە، لە وەڵامی پەیوەندییەکی مالیک محەممەد، هەواڵساز لە دێسکی عێراقیی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، پێشبینی دەکەن هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان "لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا دەستپێبکاتەوە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە کە کۆمپانیاکەی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵییە و سەرپەرشتیی کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا دەکات: "حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی زیاتر لە 95٪ لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتوون."
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، رۆژی هەینی، بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی نزیک لە گفتوگۆکان، ئاماژەی بەوە کردبوو، پلانەکە بەو شێوەیەیە کە هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ بکات و 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستیی ناوخۆ بهێڵێتەوە.
دوای ئەوە، کۆمپانیایەکی سەربەخۆ لە بەندەری جەیهان، نەوتەکە بەو نرخە فەرمییە دەفرۆشێت کە سۆمۆ دایناوە، کە ئەم هەفتەیە لە نێوان 66 بۆ 67 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک.
لە فرۆشتنی هەر بەرمیلێکدا، 16 دۆلاری بۆ کۆمپانیا نێوەدەوڵەتییەکانی نەوت دەڕوات کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و ئەوەی دیکەش دەچێتە سەر هەژماری سۆمۆ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ رووداوی پشتڕاست کردەوە کە ئەو وردەکارییانەی لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتوون، "تا رادەیەکی زۆر، ورد و راستن،" گوتیشی، "لەم چەند رۆژە کەمەدا، رێککەوتنەکە رادەگەیێنرێت."
هاوکات بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ رووداوی پشتڕاست کردەوە کە حکومەتی بەغدا نەرمیی نواندووە بۆ ئەوەی داوکاریی کۆمپانیاکانی نەوت جێبەجێ بکات.
عامر خەلیل گوتی: "کۆمپانیاکانی نەوت داوای گەرەنتی پێدانی ماف و شایستەکانیان دەکەن و حکومەتی فیدراڵیش رەزامەندی دەربڕیوە و گەرەنتییەکە دابین دەکات."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، ئاگادار کراونەتەوە کە ''تێگەیشتن و رێککەوتن''ـێک لە نێوان لایەنەکاندا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دروست بووە.
مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی دووسایدی شێخان - لالش لە پارێزگەی دهۆک گوتی: ''هیوام وایە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو رێککەوتنە ببێتە واقیع و جێگەی رەزامەندیی هەموو لایەک". گوتیشی، ئەوە دەبێتە "دەستپێکێکی زۆر باش بۆ نەهێشتنی ئاڵنگاری و ئاستەنگەکان"ـی بەردەم ناردنی مووچە.
ئەو بەرپرسانەی قسەیان بۆ رووداو کردوە، هەروەها راپۆرتەکەی رۆیتەرزیش، روونیان نەکردەوە کە چی لەو یەک ملیار دۆلارە دێت کە وەک قەرزی کۆنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان کەوتووە.
لوک کلێمێنتس، بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی، کە یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، هەفتەی رابردوو لە کۆنفرانسێکدا گوتی، پێشکەوتنی بەرچاو بەرەو رێککەوتن بەدەست هاتووە، بۆ ئەوەی دووبارە نەوت بە بۆریی هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێتەوە، "بەڵام پێویستی بە کاری زیاترە بۆ ئەوەی بە ئەنجام بگات."
عێراق دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری ئۆپێکە. رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە بەندەرەکانی باشووەرەوە هەناردە دەکات.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئاداری ساڵی 2023 وەستا، دوای ئەوەی کە دادگەیەکی ناوبژیوانی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا لە نێوان ساڵانی 2014 و 2018، بێ رەزامەندیی حکومەتی فیدڕالیی عێراقی نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە، بۆیە دوای کرد ئەنقەرە 1.5 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بە بەغدا بدات.
تورکیا تانەی لە بڕیارەکە داوە و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ