رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی عێراق دەڵێت، پێشنیازێک هەیە بۆ بڕینی بەشەخۆراکی مانگانەی ئەو کەسانەی مووچەکەیان ملیۆنێک و 500 هەزار دینار یان زیاترە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پێشنیازە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند نەکراوە.
ئەمڕۆ شەممە، 20ی ئەیلوولی 2025، ئەسیر داود، وەزیری بازرگانیی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، "پێشتر بڕیاری راگرتنی فۆرمی خۆراک ئەو کەسانەی دەگرتەوە کە مووچەکەیان لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار زیاتر بوو، بەڵام لەگەڵ گۆڕینی نرخی دراو (دینار بەرامبەر بە دۆلار)، حکومەتی ئێستا بڕی دوو ملیۆن دیناری کردە بنەما بۆ ئەو مەبەستە."
وەزیری بازرگانیی عێراق دەڵێت، "پێشنیازێک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی بڕیارەکە بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار دینار، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پێشنیازە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند نەکراوە، تەنانەت ئەگەر پەسندیش بکرێت، تاوەکو ساڵی داهاتوو جێبەجێ ناکرێت."
بە گوتەی ئەسیر داود، وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە دابەشکردنی فۆرمی خۆراک بە هەمان میکانیزم و "بە هەمان بڕ بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک"، لەگەڵ تەرخانکردنی 12 بەشی زیادە بۆ ئەو کەسانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، کە ژمارەیان زیاتر لە 7 ملیۆن کەسە.
رۆژی 2ـی حوزەیرانی 2025، پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و بڕیاربوو 1ـی ئاب دوایین رۆژ بێت، بەڵام وادەکەی بۆ 25ـی ئاب و دواجاریش بۆ 1ـی ئەیلوول درێژکرایەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانی، لە سەرانسەری عێراق دا، 37 ملیۆن و 400 هەزار هاووڵاتی داتاکانیان نوێکردووەتەوە و 3 ملیۆن و 132 هەزار کەسیش بلۆک کراون، کە بریتین لە گەشتیار، دووبارە، وەهمی، یان ئەوانەی خۆیان ئاگاداریان کردوونەتەوە بۆ بلۆک کردنیان.
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە یەک ملیۆن و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە یەک ملیۆن و 320 هەزار کەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ