رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە کاتیۆشا هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی کە هێزێکی ئەمریکای تێدا جێگیرکراوە.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی کە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز کردووە، درەنگانێکی شەوی رابردوو لانیکەم دوو مووشەکی کاتیۆشا لە دەورووبەری بنکە سەربازییەکە کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
هێرشەکە چەند کاژێرێک دوای هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد هات لە ئەنبار کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراون.
شەوی پێنجشەممە، 19-10-2023، بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق و دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نێو بنکەکە بیسترا.
گرووپی چەکداریی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە هێشتا پێکهاتە و سەرکردەکانی ئاشکرانەکردووە و لە دوای شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیلەوە دەرکەوتووە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بنکەی عەین ئەسەدی "داگیرکاریی" ئەمریکایان بە ژمارەیەک مووشەک کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئامانجەکانیان بە"وردی و راستەوخۆ" پێکاوە."
رۆژی چوارشەممەش 18-10-2023 بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد و سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمریکییەکە رایگەیاند "توانیمان بەرپەرچی درۆنەکان بدەینەوە."
ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە نزیکەی 2500 سەرباز مەزەندە دەکرێت، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، کەمپی ڤیکتۆری و بنکەی ئاسمانیی هەریر لە هەولێر جێگیر کراون.
لە مانگی تەممووزی 2021 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 هێزی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق دەکشێنەوە، تەنها هێزێکی سەربازی لە رۆڵی راوێژکاری و هاریکاری دەمێننەوە. ئەرکی ئەمریکا لە 9ی کانوونی دووەمی 2021 بە فەرمی کۆتاییهات و ئێستا زیاتر ئەرکیان راوێژکارییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ