رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بۆ دووەمجار سکاڵایەکى سەرۆکوەزیرانى عێراقى رەتکردەوە لە دژى مادەیەکى یاساى بودجەى گشتى، بەوەش 40 رۆژ لەبەردەم حکومەتدا ماوە پۆستە بەوەکالەتەکان یەکلا بکاتەوە، ئەگەرنا خەرجى ئەو دامەزراوانە دەبڕدرێت و دەسەڵات لە بەرپرسەکەى وەردەگیرێتەوە.
رۆژی 16ى تشرینى یەکەمى 2023، بۆ دووەمجار دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، سکاڵایەکى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراقى رەتکردەوە، کە لەسەر مادەی 71ی یاسای بودجەى گشتى تۆماری کردبوو، بۆ ئەوەى ئەو مادەیە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام بڕیارى دادگە ئەوە بوو کە ئەو پرسە لە دەسەڵاتیدا نییە.
مادەى 71ى یاساى بودجەى گشتى، حکومەتى عێراقى پابەند کردووە بەوەى تاوەکو 30ى تشرینى دووەمى 2023 کۆتایی بە پۆستى بە وەکالەت بهێنێت، ئەگەرنا تەواوی پارەى تەرخانکراوى فەرمانگەکە و دەسەڵاتى بەرپرسەکەى رابگرێت و لە ماوەى 30 رۆژدا دواى کۆتاییهاتنى ئەو وادەیە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەربژێرى سەرجەم پۆستەکانى سەرۆکى دەستە سەربەخۆکان و پلە تایبەتەکانى جۆرى ئەلف و بێ و بریکارى وەزارەتەکان و راوێژکارەکان کە بەوەکالەتن بنێرێت بۆ پەرلەمان بۆئەوەى دەنگیان لەسەر بدرێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەگوێرەى یاساى بودجە دەبێت لە 30 ى تشرینى دووەمى 2023 هیچ پۆستێک نەمابێت بە وەکالەت بەڕێوەببرێت".
دارا سێکانیانى گوتى: "کێشە ئەوەیە کە هەندێک لە مادەکانى دیکەى یاساى بودجە جێبەجێنەکراون، بەڵام دەکرێت لە رێگەى دادگەى کارگێڕیەوە سکاڵا لە دژى ئەو مادەیە تۆمار بکرێت بۆ ئەوەى هەڵبوەشێندرێتەوە".
لە 7ى ئابى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تانەیەکى محەممەد شیاع سوودانی لەسەر چەند مادەیەکى بودجەى گشتى رەتکردەوە، کە مادەى 71 یەکێک بوو لەوان.
پێشتر لە مادەى 58ی یاساى بودجەى گشتیى 2019دا، 30ى حوزەیرانى هەمان ساڵ دیاریکرابوو وەکو دوا وادە بۆ کۆتاییهێنان بە بەڕێوەبردنى سەرجەم دامودەزگاکان بە وەکالەت، جگە لە هێزە ئەمنییەکان، بەڵام ئەوکات بڕیارەکە وەکو خۆى جێبەجێ نەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ